ئه‌لبومی وینه‌كان

الجمعة، 13 أبريل 2012

حیزبەكانی كوردستان رازین رۆژی لەسێدارەدانی پێشەوا بكرێتە رۆژی شەهیدانی كوردستان

كۆمەڵێك لە چالاكڤانانی سیاسی كورد لە ئەوروپا، بەمەبەستی دیاریكردنی رۆژی لەسێدارەدانی قازی محەممەد، وەك رۆژی شەهیدانی هەر چوار پارچەی كوردستان، كەمپینێكیان رێكخست.

بڕیاربوو ئەو كەمپینە لە رۆژی لەسێدارەدانی قازی محەممەد، بۆ ماوەی 10 رۆژ بەردەوامبێ و، پاشان داواكە لە نامەیەكدا، بە فەرمی ئاراستەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمان و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بكرێت، بەڵام بەپێی قسەی بەڕێوەبەرانی كەمپینەكە، بەهۆی پێشوازی خەڵك و لایەنە سیاسییەكانی هەر چوارپارچەی كوردستان لەو كەمپەینە، ماوەی چالاكییەكانی درێژكرایەوە.

هەر بە گوتەی، دەستەی بەڕێوەبەری كەمپینەكە، ئەو داواكارییە لەمێژە لەلایەن حیزب و رێكخراوە سیاسییەكانەوە دەخرێتەڕوو و لە دووەمین كۆنفرانسی نەتەوەیی لاوانی كوردستان لە هەولێر لە مانگی رابردوودا، ئەم پرسە خراوەتەوە بەرباس و پێشنیازكرا لە دووتوێی راسپارەكانی كۆنگرەی نەتەوەیی لاواندا رەوانەی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان بكرێت.

د. سەعدەدین مەلا، ئەندامی لێژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا دەڵێ پێویستە بە زووترین كات ئەو رۆژە بكرێتە رۆژی شەهیدانی كوردستان "چونكە ئەو رۆژە رۆژێكی دیارە و هەموو كوردێك دەزانێ قازی محەممەد كە پێشەوای هەموو كوردە، لەو رۆژەدا لەسێدارەدراوە". 

د.سەعدەددین پشتگیری لە كەمپینەكە كردو، هەروەها رەخنەی لە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان گرت، كە زۆر گرنگی بەو بۆنانە نادەن و گوتی "ئێمە خۆمان خاوەندارێتی لە شەهیدانی خۆمان ناكەین و هیچ رۆژێكی نەتەوەیی شەهیدانمان نییە، كە هەموو پارچەكانی كوردستان لە یەك رۆژ و كاتدا یادی شەهیدانی بكاتەوە".

مەسعود تەك، سەرۆكی پارتی سۆسیالیستی كوردستان PSK ، كە پارتێكی باكووری كوردستانە بە (رووداو)ی راگەیاند "لەنێو هەموو كۆمەڵگە و نەتەوەیەكدا هەندێك بەهای هاوبەشی وەك ئاڵا، سروود و رۆژی شەهیدان هەیە، ئەگەر كوردیش پێكەوە ئەو رۆژانە یاد بكاتەوە ئەوە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی بیر و هەستی نەتەوەیی لەسەرانسەری كوردستان".

قازی محەممەد، سەرۆكی كۆماری كوردستان لە 31/3/1947 لە گۆڕەپانی چوارچرا لە شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی كوردستان لەسێدارەدرا.

بە بڕوای محەممەد ئەحمەد عەلی، سەرۆكی لێژنەی كاروباری شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید لە پەرلەمانی كوردستان، نەبوونی رۆژێك بەناوی رۆژی شەهیدان، كەلێنێكە و دەڵێ دەبێ ئەو كەلێنە پڕبكرێتەوە "چونكە ئەو دەسكەوتانەی ئێستا بە خوێنی هەزاران شەهید دروستبووە، پێویستە رۆژیك بۆ شەهیدی كوردستان دیاریبكرێت".

سەرۆكی لێژنەی كاروباری شەهیدان گوتیشی هەر پڕۆژە یاسا یان بڕیارێك بێتە پەرلەمان بۆ دیاریكردنی رۆژی شەهیدانی كوردستان پێشوازی لێدەكەن و لێیدەكۆڵنەوە.

هەندێك لە حیزبە كوردییەكان لەلای خۆیانەوە رۆژێكیان دیاریكردووە، بە ناوی رۆژی شەهیدان، لەوانەش پارتی كرێكارانی كوردستان ، كە هەفتەی شەهیدانی هەیە، هەروەها كۆمەڵە و حیزبی شیوعی ، بەڵام تائێستا قسەیەك لەبارەی رۆژی شەهیدانی كوردستان نەكراوە.

فاروق بابامیری، ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، هیچ گرفتێك لەوەدا نابینێ كە رۆژی لەسێدارەدانی قازی محەممەد بكرێتە رۆژی شەهیدانی كوردستان "قازی محەممەد شەهیدێكی گەورەی مێژووی كوردە لەهەر چوارپارچەی كوردستان"، بەڵام دەڵێت دەبێ رۆژی شەهیدانی حیزبەكانیش بمێنێ "دەكرێ ئێمە رۆژی شەهیدانی كوردستانمان هەبێ و رۆژی شەهیدانی تایبەت بە حیزبەكانیشمان هەبێت، ئەوانە یەكتر رەتناكەنەوە".

هەر لەوبارەوە، مەسعود تەك گوتی "بەهۆی ئەوەی قازی محەمەد یەكەمین سەرۆك كۆماری كوردە و كۆماری كوردستان و كەسایەتی پێشەوا قازی جێگەی رەزامەندی هەموو كوردە، هەر بۆیە باشترین و گونجاوترین رۆژ بۆ دیاریكردنی رۆژی شەهیدانی كوردستان رۆژی لەسێدارەدانی سەرۆك قازی محەممەدە".

بەڵام رۆژ وڵات، ئەندامی لێژنەی پەیوەندییەكانی كۆما جڤاكێن كوردستان KCK، لەبارەی ئەو كەمپینەوە گوتی "ئەوە پێشنیازێكی گرنگە بۆ دروستبوونی یەكێتی لەنێو كورددا، بەڵام بەهۆی ئەوەی پێشنیازەكە كوردستانییە و رووی لە هەر چوارپارچەی كوردستانە، پێویستە كۆنگرەی نەتەوەیی بڕیاری لەسەر بدات".



ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق