ئه‌لبومی وینه‌كان

الجمعة، 13 أبريل 2012

دەوڵەمەندانی كوردستان زێڕ و ئەڵماس هەڵدەگرن

سەرمایەدارانی هەرێمی كوردستان ئێستا پارەی خۆیان دەكەنە زێڕ و هەڵیدەگرن، جێگری سەرۆكی سەندیكای زێڕنگرانی كوردستان دەڵێ "سەرمایەدار هەیە زیاتر لە 100 كیلۆ زێڕی كڕیوە". لە پاڵ زێڕدا ئەڵماسیش بەلای سەرمایەدارانەوە رەواجێكی باشی هەیە .

زێڕ، گرنگی تایبەتی خۆی هەیە لەلای ئافرەتان، بەتایبەتیش ئافرەتی كورد، كە زۆر حەزی لە زێڕە، مارەیی ژنانیش لە هەرێمی كوردستان هەمیشە لەسەر زێڕە. هەڤال مستەفا، كە ماوەی 16 ساڵە كاری زێڕنگری دەكات دەڵێ "ئافرەتی وا هەیە كە شووی كردووە، داوای سێ كیلۆ زێڕی كردووە، ئێستا كەمترین مارەیی ژنان 40 مسقاڵ زێڕە".


 

زێڕی توركی رەواجی زۆرە


 

بەپێی قسەی زێڕنگەران زێڕی هەرێمی كوردستان و عێراق لە رێگەی هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی دێتە ناوەوە، ئەویش بەو پێیەی زێڕ لەو دوو دەروازەیە باج و گومركی كەمی لەسەر وەردەگیرێت.

سەید بەكر بەرزنجی، جێگری سەرۆكی سەندیكای زێڕنگرانی كوردستان دەڵێ "لە هیچ وڵاتێكی دنیا بەقەد هەرێمی كوردستان، زێڕ رسوماتی كەم نییە، ئێستا لە فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی بۆ هەر كیلۆیەكی زێڕ 25 هەزار دینار وەردەگرن، بە 15 هەزار دیناریش دەپشكندرێت، بەڵام لە فڕۆكەخانەكانی دیكە رسوماتی یەك كیلۆ زێڕ 260 هەزار دینارە، پشكنینەكەشی 220 هەزار دینارە".

سەید بەكر بەرزنجی دەڵێ پێشتر 80%ی زێڕی هەرێمی كوردستان لە دوبەی دەهات، بەڵام ئێستا نیوەی زێڕی هەرێمی كوردستان لەتوركیاوە دێ و نیوەكەی دیكە لە دوبەی. گوتیشی "ئێستا زێڕی توركی زۆر جوانەو خەڵكیش رای لەسەرە بۆیە بازاڕەكانی ئێمە پڕبووە لە زێڕی توركی".


 

بووكەكان 20%ی زێڕی كوردستان دەكڕن


 

رەنگە زۆربەی خەڵك وا تێبگات ئەوە زیادبوونی پرۆسەی هاوسەرگیرییە، كە بازاڕی زێڕنگرانی خۆش كردبێ، بەڵام بەكر عەزیز، بەڕێوەبەری كۆنترۆڵی جۆری خشڵ و زێڕ لە هەرێمی كوردستان گوتی "فرۆشتنی زێڕ بە رێژەكی كەم لە هەرێمی كوردستان پشت بە كڕینی زێڕ بۆ بووكەكان دەبەستێ، 20% لەو زێڕەی لە هەرێمی كوردستان دەفرۆشرێ بووكەكان دەیكڕن، 80%ی خەڵك كە پارەی زیادی هەیە بە زێڕی دەدات و هەڵیدەگرێ".

ئامینە عەلی، تەمەن 61 ساڵ، لەنێو بازاڕی زێڕنگران لەشاری هەولێر لە دووكانێك داوای لیرەی رەشادی دەكرد. ئامینە گوتی "كاتێك شوومكرد داوای 100 مسقاڵ زێڕم كرد و ئێستاش هەرچی پارە دێتە دەستم بە زێڕی دەدەم". ئامینە جگە لەوەی وەك حەزێك لەزێڕ كڕین دەڕوانێ، لەهەمانكاتیشدا دەڵێ "زێڕ سەرمایەیەكی زۆرباشەو هەركاتێك پێویستت پێی بوو، دەتوانی بیفرۆشی".


 

لە هەولێر و دهۆك عەیار 21

 لە سلێمانی عەیار 18 بەڕەواجە


 

ئێستا لەهەرێمی كوردستان 6 جۆری عەیاری زێڕ هەیە ئەوانیش بریتین لە: 9، 12، 14، 18، 21، 22. بەڵام بەكارهێنانی عەیاری زێڕ لەلایەن ژنانەوە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان جیاوازە.

سەید بەكر، كە 26 ساڵە كاری زێڕنگری دەكات لە شاری هەولێر دەڵێ "لەبەرئەوەی خەڵكی دەوڵەمەند زۆرتر لە هەولێر و دهۆكن ئەوان تەنیا زێڕی عەیار 21 دەكرن، بەڵام لە سلێمانی و كەركووك هەم لە ئێران نزیكن و هەمیش وەك ئەو دوو پارێزگایە زەنگین نین، زۆرتر زێڕی عەیار 18 دەكڕن". 

بەپێی ئەو ئامارەی لەلای سەید بەكرە "رۆژانە لە بازاڕی زێڕنگرانی هەولێر، زیاتر لە 10 كیلۆ زێڕ دەفرۆشرێ". سەید بەكر گوتیشی "ئێستا لەهەموو كاتێك زۆرتر داواكاری لەسەر زێڕ لە هەرێمی كوردستان زۆرتربووە، پێشتر بازاڕی زێڕ لە هەرێمی كوردستان تەنیا لەسەر ئافرەتان بوو، بەڵام ئێستا بووەتە بازاڕێكی نێودەوڵەتی و خەڵكی شارەكانی دیكەی عێراق دێن لە هەرێمی كوردستان زێڕ دەكڕن".

 

"سەرمایەدار هەیە 100 كیلۆ زێڕی كڕیوە"


 

لەبەر ئەوەی هۆشیاری ئابووری لە هەرێمی كوردستان لەلای سەرمایەدارانی كورد لە هەڵكشاندایە، بۆیە ئێستا سەرمایەدارەكانیش بەپێی بارودۆخی رۆژ هەڵسوكەوت لەگەڵ سەرمایەكانیان دەكەن. وەك زۆربەی سەرمایەدارانی جیهان روویان لە كڕینی زێڕ كردووە. سەید بەكر دەڵێ "ئێستا سەرمایەداری كورد كە پارەی زیادی هەبێ یەكسەر بە زێڕی دەدات، سەرمایەداری واهەیە لەو هەولێرە زیاتر لە 100 كیلۆ زێڕی كڕیوە".

بەپێی ئاماری بەرێوەبەرایەتی كۆنترۆڵی جۆری خشڵ و زێڕ لە هەرێمی كوردستان ساڵی رابردوو زیاتر لە 55 هەزار كیلۆ زێڕ هاتووەتە نێو هەرێمی كوردستان. هەر بەپێی ئەو ئامارە زۆرترین زێڕ چووەتە سلێمانی، كە 35 هەزار كیلۆ بووە، 18هەزار و 500 كیلۆش هاتووەتە هەولێر، كەمترین زێڕیش بۆ دهۆك چووە، ئەویش 1200 كیلۆ بووە.

بەكر عەزیز بەكر، بەڕێوەبەری كۆنترۆڵی جۆریی خشڵ ئاماژەی بەوەدا بەهۆی ئەوەی لە كوردستان كارگەی دروستكردنی زێڕ نییە، ساڵانە پارەیەكی زۆری زیادە بە زێڕ دەدەن "بۆ نموونە تەنیا لە ساڵی رابردوو كە 50 هەزار كیلۆ زێڕمان كڕیوە 100 ملیۆن دۆلار زیادەمان داوە، چونكە بۆ حەق دەستی یەك گرام زێڕ دوو دۆلارمان داوە".


 

ئەمریكا دەڵێ كورد چی لەو هەموو زێڕە دەكات


 

سەید بەكر بەرزنجی جێگری سەرۆكی سەندیكای گشتی سەندیكای زێڕنگران گوتی "ئەمریكا داوای لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، كە ئەو هەموو زێڕەی دێ بۆ هەرێمی كوردستان چی لێدێ، ئایا ئەمە پێویستی بازاڕە، یان چی لێدەكرێ، ئێمەش بۆمان روونكردنەوە، كە سێ بەشی ئەو زێڕەی دێتە هەرێمی كوردستان دەچێتە شارەكانی عێراق".

بەڵام بەكر عەزیز سەبارەت بەو داوایەی ئەمریكا گوتی "ئێمە لە هەرێمی كوردستان سیستەمی بانكیی بەهێزمان نییە خەڵك پارەی خۆی لەنێو بانكەكان دابنێ، بۆیە هەندێكیان پارەكەیان بە زێڕ دەدەن، چونكە زێڕ هەڵگرتنی ئاسانترە لە پارە".

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵی جۆری خشڵ و زێڕ لە هەرسێ پارێزگای هەرێمی كوردستان 1359 زێڕنگر هەن: لە هەولێر 454 زێڕنگر، لە سلێمانی 510 و لە دهۆكیش 395 زێڕنگر.


 

ئەڵماس لەهەولێر زیاتر دەفرۆشرێت 


 

 

جگە لە بازاری زێڕ، ئێستا ئەڵماسیش بازاڕی گەرمە بەتایبەت لەشاری هەولێر. لوقمان عەزیز جگە لەوەی زێڕنگرە، ئەڵماسیش دەفرۆشێ و دەڵێ "ئەڵماسی كوردستان لە دوبەی و بەغداوە دێت". بەڵام لوقمان ئاماژەی بەوەدا بەهۆی نەشارەزایی خەڵك لە ئەڵماس دووچاری گرفت دەبن "خەڵكی ئێمە شارەزاییان نییە لەسەر ئەڵماس، كەسی وا هەیە خۆی دەكاتە بازرگان و بە ناوی ئەڵماس هەندێ مۆرو بە پارەیەكی ئێجگار زۆر دەفرۆشێ، بەڵام دواتر دەردەچێ ئەڵماس نییە

 

".

لوقمان، كە ئەنگوستیلەكی ئەڵماسی نرخ 30 هەزار دۆلاری لەدەستدابوو، دەڵێ ئێستا لە پاڵ بازاڕی زێڕ بازاڕی ئەڵماسیش گەرمە "ئێستا خێزانی واهەیە لە هەولێر كە دێ بۆ هەڵگرتنی نیشانەی بووك، پێی عەیبە لەگەڵ زێڕ دوو ئەنگوستیلەی ئەڵماسیش نەكڕێ". هەروەها گوتی "دەوڵەمەندی واهەیە بایی 3 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار بەس ئەڵماسی بۆ ژنەكەی كڕیوە".

ئەڵماس چەند رەنگێكی هەیە لەوانە رەنگی سوور، كە گرانترین جۆری ئەڵماسە، هەروەها رەنگی ئاسمانی و لیمۆیی و سپی، كە ئەوەی دواییان بازاڕی گەرمە، چونكە نرخی هەرزانترە لە رەنگەكانی دیكە. پێوانەی ئەڵماسیش قیراتە، كە هەر پێنج قیرات یەك گرامە.

لوقمان باسی نرخەكانی بەردی ئەڵماس بە قیرات دەكات و گوتی "یەك قیراتی رەنگی سوور بە نیو ملیۆن دۆلاری ئەمریكییە، بەڵام یەك قیراتی رەنگی سپی بە 5 هەزار دۆلارە". گوتیشی "لە هەولێر ئەڵماس زیاتر لە سلێمانی و دهۆك دەفرۆشرێ

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق