ئه‌لبومی وینه‌كان

الثلاثاء، 17 أبريل 2012

كازم ساهر قەرزداری دووكاندارێكی ئاكرێیە



ئاكرەییەكان دەڵێن هونەرمەندی نێوداری عێراق كازم ساهیر لەهەردوو لایەنی ماددی و مەعنەوی قەرزاری ئاكرەییەكانە، بەڵام تائێستا ئەو قەرزەی نەداوەتەوە.
سەنعان رێكانی، تەمەن 80 ساڵ، كە دانیشتووی قەزای ئاكرێی سەر بە پارێزگای دهۆكە، كازم ساهیر31 ساڵە قەرزداری ئەوە.

سەنعان، كە دووكانی تایەفرۆشی هەیە، چیرۆكی قەرزارییەكەی كازم ساهر بۆ (رووداو) دەگێڕێتەوەو دەڵێ رۆژێكی ساڵی 1981 ئۆتۆمبێلێكی جۆری لادای رەنگ سپی لەبەردەم دووكانەكەی رایگرت و چوار كەس لێی دابەزین، كە یەكێكیان كازم ساهیر بوو، داوای جووتێك تایەیان كردووە، ئەویش تایەكانی پێداون، هەندێك پارەیان پێداوە، بەڵام پارەی تەواویان لەلا نەبووە.

سەنعان لەو چوار كەسە تەنیا كازم ساهری ناسیوە، چونكە كازم ساهیر ئەوكات مامۆستا بووە لە گوندەكانی دەڤەری ئاكرێ، سەنعان دەڵێ “كازم ساهیر گوتی تایەكان بۆ منن، من دواتر پارەكەی دیكەت بۆ دێنم، منیش متمانەم پێكرد و تایەكانم پێدان”. هەرچەندە 31 ساڵ بەسەر ئەو رۆژەدا تێپەڕیوە، بەڵام سەنعان ئێستاش هەر بە تەمای قەرزەكەیەتی.
بەپێی قسەی خەڵكی ناوچەكە، كازم ساهیر لە هەشتاكان، دوو ساڵ مامۆستا بووە لە گوندەكانی گربیش، حەسەنیێ و كێلەسپی سەر بە قەزای ئاكرێ.

قوتابییەكی ئەوكاتی كازم ساهیر، كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، دەڵێ “كازم ساهیر لەساڵی 1983 لە قوتابخانەی كێلەسپی وانەی بیركاری و عەرەبی دەگوتەوە، شەوانیش هەر لە قوتابخانەكە دەمایەوە”.

ئەو قوتابییە باسی ژیانی ئەوسای كازم ساهیری كرد و گوتی “مامۆستا كازم رەوشی ئابووری زۆر خراپبوو، دوو برادەری هەبوون زۆر نزیكی بوون (عیسا سەعید و عاسم مەسیحی) زۆرجار دەهاتنە لای، مامۆستا كازم زۆربەی كات عودێكی بەدەستەوەبوو، بەڵام جاران گۆرانی بۆ نەدەگوتین”.

نەوزادی كوڕی سەنعان بە پێكەنینەوە دەڵێ هەر كاتێك كازم ساهیر لە تەلەڤزیۆن دەردەكەوێ، باوكی باسی ئەو قەرزە دەكات و دەڵێ “پێویستە كازم ساهیر داوای لێبووردنم لێبكات”، نەوزاد دەڵێ “راستە ئەو قەرزەی باوكم كە لای كازم ساهیرە، زۆر كەمە و بۆ ئێستا هیچ ناكات، بەڵام ئەوكات ئەو پارەیە زۆربوو”.

هونەرمەند كازم ساهیر، كە بە “قەیسەر”ی گۆرانی عەرەبی ناسراوە، لە 12/9/1957 لە شاری موسڵ، لە خێزانێكی هەژار لەدایكبووە، زۆربەی تەمەنی منداڵی بە كاری دەستگێڕی بەسەربردووە. بەڵام بە تێپەڕبوونی كات كازم ساهیر بەرەو لووتكە هەڵكشا. جگە لەوەی لە ئاكرێ ژیاوە، لەلایەن هەندێ موزیكژەنی كوردیشەوە هاوكاری كراوە، لەوانەش سەید ئەحمەد رواندزی.

كازم ساهیر رەوشی ئابووری زۆرباشە و كەسێكی دەوڵەمەندە، بەڵام تاوەكو ئێستا قەرزەكەی سەنعان رێكانی لەلا ماوە، كە ئێستا لە خانووێكی كرێدا دەژی لە ئاكرێ.
ئەوە هەر تەنیا سەنعان رێكانی نییە دەڵێ كازم ساهیر قەرزدارمە، بەڵكو ئاوازدانەر ئیلهام ئاكرەیی (ئیلهامی وێنەگر)یش دەڵێ كازم ساهیر زۆر قەرزداری ئەویشە.

ئیلهام دەڵێ لە هەشتاكان لەبەردەم قشڵەی ئاكرێ، لەگەڵ كازم ساهیر یەكتریان ناسیوە “زۆرجار لە شوێنی كارەكەم سەردانی دەكردم، برادەرایەتیمان زۆر خۆشبوو”.

ئیلهامی وێنەگر دەڵێ ئەو هاندەرێكی سەرەكی بووە بۆ ئەوەی كازم ساهیر ببێتە گۆرانیبێژ “یەكەمجار من هاوكاریم كرد گۆرانی بڵێت، خۆیشی جارێك لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنیش باسیكردم”، هەروەها دەڵێ “كاتی خۆی چوومە موسڵ و نامەیەكم دایە پارێزگار و پێمگوت كوڕێك لێرەیە زۆر بە توانایە، ئەگەر هاوكاری بكەن دەتوانێ خزمەتێكی بەرچاوی هونەری بكات، ئینجا ئەوان هاوكاریان كرد و كازمیش هێدی هێدی پێشكەوت”.

ئیلهام، خۆی بە كەسێكی “زۆر بە توانا لەڕووی هونەری” وەسفكرد و گوتی “من لە كازم ساهیر بەتواناترم، تائێستا چەندین شیعری گۆرانی و ئاوازم داناوە، دەمەوێ بیكەمە سێدییەك و بۆ كازم ساهری بنێرم، تاوەكو گوێی لێبگرێ و هەندێكیان بۆ خۆی بكاتە گۆرانی”.

هەروەها ئیلهام باسی كەسێكی دیكە دەكات، كە زۆر هاوكاری كازم ساهیری كردووە، كە ئەویش رەمەزان نهێلییە، ئیلهام دەڵێ “رەمەزان زۆر ئاگای لە كازم بوو، بە دەیانجار جلوبەرگی بۆ شووشتووەو نانی داوەتێ، بەڵام بەداخەوە كازم ساهیر تائێستا نە سڵاوێك و نە نامەیەكی بۆ ئێمە نەناردووەو ئێمەی لەبیر كردووە”.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق