ئه‌لبومی وینه‌كان

السبت، 25 فبراير 2012

سەید پەروینی بە دار و خوێواو و لیمۆ كوشت

سەید پەروینی بە دار و خوێواو و لیمۆ كوشت

\
ژنێك لە نیگەرانی دووری هاوسەرەكەی بە دار لێیدەدرێت، بەبێ ئەوەی بزانرێ جنۆكەكانی لەشی بۆ كوێ دەچن، لەئەنجامی ئەو
لێدانە گیان لەدەستدەدات و منداڵە تاقانەكەی بەجێدەهێڵێت.
شۆفێرێكی تاكسی بە دار لە لەشی ژنەكە دەدات و لە جێگەی ئەوەی جنۆكەكان لە لەشی ژنەكە دەرچن، رووح لە جەستەی ژنەكە دەردەچێت.
پەروین قاسم، تەمەن 23 ساڵ، دایكی منداڵێك، شەوی 3/2/2012 لەئەنجامی ئەو لێدانەدا گیانی لەدەستدا.
ئەو شوفێرەی تاكسی، دەستەكانی پەروین دەبەستێتەوەو تاوەكو نیوەشەو بە پارچە تەختەیەكی پان لێیدەدات، ئاوی لیمۆ دەكاتە نێو چاوەكانی تاوەكو كوێر دەبێ و دەموچاوی بە دەرزی كوندەكات، بە پلایس قۆڵەكانی دەگەزێت و گۆشتیان لێدەكاتەوە. هەروەك دایكی پەروین بۆ (رووداو)ی باسكرد.
سەرچاوەیەك لە پزیشكی دادوەری هەولێر بە (رووداو)ی راگەیاند "شوێنەواری لێدان بە لەشییەوە دیاربوو، هەموو لەشی شین و مۆر ببوو، بەڵام دەستدرێژی نەكرابووە سەر، هیچ شوێنەوارێكی لێدان بە سەرییەوە دیارنەبوو".
بەفرین محەممەد، تەمەن 48ساڵ ، دایكی پەروین دەڵێ " هەموو گیانی كچەكەم شین و مۆر هەڵگەڕابوو، چاوەكانی كوێر ببوون و قۆڵەكانی بە پلایس گەسترابوون، خوێن لە لەشی دەهاتە خوارەوە".
پەروین پێش ئەوەی لێیبدرێت لە پیاوی شۆفێری تاكسییەكە ترسابوو، بەڵام دایكی پەروین ترسەكەی رەواندبووەو پێیگوتبوو " بەڵكو بە دەستی ئەو شیفات بۆبێت، دوعات بۆ دەكات".
شۆفێری تاكسییەكە، دەستی كچەكە بە پشدێنی قاسمی باوكی دەبەستێتەوە، بۆ ئەوەی بە دار لێیبدات و جنۆكەكان لە لەشی بێنێتە دەرەوە، بەپێی باوەڕی خۆی.
لە ترسی ئەوەی جنۆكەكان زۆرن و لەوانەیە بچنە لەشی یەكێكی دیكەوە، شوفێرەكە دایك و باوكی لەو ژوورەی لە پەروینی دەدا كردبوونە دەرەوە.
پەروین بە تەنها و بە قۆڵبەستكراوی لەلایەن ئەو پیاوەوە كە ناوی لە خۆی ناوە سەید ، لە ژوورێكی داخراودا بەدار بەردەبێتە گیانی پەروین.
عەمید عەبدولخالق تەلعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر دەڵێ "شوفێری تەكسییەكە 40 داری لەو ئافرەتە دابوو".
جگە لە دەنگی تەپەی دارەكان كە بەر جەستەی پەروین دەكەون، هیچ دەنگێكی دیكە ناگاتە گوێی دایكی پەروین كە لە دەرەوە چاوەڕێی چاكبوونەوەی كچەكەی دەكات.
بەفرین محەممەد، كە هێشتا گریانی مەرگی تاقانەكەی لە قوڕگیدا مابوو، بە چاوی پڕ لە فرمێسكەوە گوتی "كچەكەم هەندێك كات بێتاقەت دەبوو، چەندین پزیشك و شێخ و مەلامان پێكرد، بەڵام چاك نەبووەوە".
پەروین ساڵی 2005 شوو بە كوڕێك دەكات بە ناوی (كامەران .ك)، دوای ئەوەی منداڵێكیان دەبێت، كامەران كوردستان بەجێدەهێڵێت و روودەكاتە ئەوروپا، وەك دایكی دەڵێ "ئیتر لەوكاتەوە پەروین تووشی خەمۆكی بوو، كامەرانیش لە ژن و منداڵەكەی ناپرسێتەوە". هەروەك دایكی پەروین گوتی، ماوەیەك پێش ئێستا كامەران هاتەوە كوردستان و چوار مانگ مایەوە " بەڵام سەردانی ئێمە و هاوسەرەكەی و منداڵەكەی نەكرد و هەر لەلای براكەی بوو".
پەروینی تاقانەی دایك و باوكی، لەگەڵ كوڕە تاقانەكەی كە تەمەنی چوار ساڵە لە گەڕەكی بەهاری شاری هەولێر لەگەڵ دایك و باوكی دەژیا. كاژێر 2ی پاش نیوەڕۆی 3ی ئەو مانگە ، پەروین دڵی تووند دەبێت، بە مەبەستی ئەوەی دوعایەكی بۆ بكات، دایك و باوكی دەیبەنە لای كەسایەتییەكی ئایینی شاری هەولێر.
لەكاتی گەڕانەوەیاندا پەروین و دایك و باوك و منداڵە تاقانەكەی لە جووتسایدی زانكۆ تاكسییەك رادەگرن تاوەكو بیانگەیێنێتەوەماڵ، لەقسەی نێوانیاندا شۆفێری تاكسییەكە بەوە دەزانێ ئەو خێزانە كچەكەیان بردووەتە لای مامۆستای ئایینی تاوەكو دوعای بۆ بكات.
لە رێگەدا شۆفێرەكە قەناعەت بە خێزانەكە دەهێنێ كە ئەو دەتوانێ پەروین چارەسەر بكات و جنۆكەی لە لەشدان و ئەو لەلەشی دەریاندەكات، ئەوانیش ژمارەی تەلەفۆنەكەی لێوەردەگرن و دوای نوێژی خەوتنان وادە دادەنێن بۆ چارەسەركردنی پەروین.
دایكی پەروین دەڵێ " دوای ئەوەی شۆفێرەكە گەڕایەوە، زێڕەكانی لە پەروین كردەوەو دۆشەكێكمان لە ژوورەوە بۆ راخست، دەستی بەستەوەو لەسەر دۆشەكەكە پاڵی خست".
شۆفێرەكە داوای پەرداخێك خوێواو، لیمۆیەك، دەرزییەكی دروومان و دارێكیان لێدەكات، دایكی پەروین سەرجەم كەرەستە داواكراوەكان بۆ شۆفێرەكە دەهێنێت، بەڵام پێیدەڵێ داریان نییە.
دایكی پەروین ئێستا شۆفێرەكە بە سیحرباز نێودەبات و دەڵێ "سیحربازەكە دەنگی مۆبایلەكەی خستە سەر سەماعەی خاریجی و قورئانی بۆ پەروین لێدەداو بە ئێمەی گوت كچەكەتان هەموو لەشی پڕبووە لە جنۆكە، كەس نەیێتە ژوورەوە با جنۆكە نەیێنە لەشتانەوە".
لەوكاتەدا شۆفێرەكە مۆبایلەكە بەدەنگی قورئانەوە لەلای پەروین بەجێدەهێلێت و دەڕوات لە ناو ئۆتۆمبێلەكەی پلایسێك و چەند تەختە دارێكی پان و ئەستوور كە درێژیەكەیان نزیكەی مەترێك دەبێت لەگەڵ خۆی دەهێنێتە ژوورەوە.
دایكی پەروین دەڵێ "لەكاتژمێر 9:30ی شەو تاوەكو 11:30 سیحربازەكە لە كچەكەمیدا، دواتر هاتە دەرەوەو گوتی لێگەڕێن خەریكە جنۆكەكان لە لەشی كچەكەتان دێنە دەرەوە".
دواتر شۆفێرەكە دەچێتەوە ژوور و جارێكی دیكە كاژێر 12:30 ی شەو دیسان دێتەوە دەرەوەو دەڵێ "جنۆكەكان لە لەشی دەرچوون، بەڵام كچەكە لە هۆش خۆی چووە".
دوای ئەوەی تاوەكو كاژێر 1 پەروین بەهۆش خۆی نایێتەوە، شۆفێری تاكسییەكە داوا لە باوكی پەروین دەكات ئەویش بە دار لە كچەكەی بدات تاوەكو بە هۆش خۆی بێتەوە، بەڵام دایكی پەروین لێناگەڕێت ئەو كارە بكات و بەسەر شۆفێری تاكسییەكەدا دەقیژێنێ و دەڵێت " تۆ كچەكەی منت كوشتووە".
لەوكاتەدا كە دەیانەوێ پەروین ببەنە نەخۆشخانە، شۆفێرەكە پێڵاوەكانی بەجێدەهێڵێت و هەڵدێت.
شۆفێری تاكسییەكە تەمەنی 39 ساڵەو باوكی پێنج منداڵە، تاوەكو پۆلی سێییەمی ناوەندی خوێندووەو فەرمانبەری سەرۆكایەتی زانكۆی سەلاحەدینە، لە دانپێدانانەكەیدا بۆ پۆلیسی هەولێر گوتی "تائێستا چەند كەسێكم چاككردووەتەوەو جنۆكەم لە لەشیان دەرهێناوە".
مامۆستایانی ئایینی رای جیاوازیان هەیە لەبارەی جنۆكەوە، بەشێكیان دەڵێن جنۆكە دەچێتە لەشی مرۆڤەوە ،بەڵام بەشێكیان دەڵێن وانییە و ناچنە لەشی مرۆڤەوە.
مەلا عەلی خەتێ، پێشنوێژكاری مزگەوتی حاجی ئەحمەد هەرمی لە هەولێر دەڵێ "جنۆكە دەچێتە لەشی مرۆڤەوە، بەڵام لە هیچ كاتێكدا نەمزانیوە بە لێدان لە لەشی بێتە دەرەوە".
بەڵام مەلا موسا حەبیب بانگخواز و پێشنوێژكاری مزگەوتی محەممەدی حاجی رەشید لە سلێمانی، كە دەرچووی كۆلێژی شەریعەیە دەڵێ "جنۆكە بە هیچ شێوەیەك ناتوانێ بچێتە لەشی مرۆڤەوە، ئەوە ئەسڵ و ئەساسی نییەو خورافاتە، لە سورەتی (ص) لە قورئانی پیرۆزدا باس لە جنۆكەو كارەكانی كراوە، پێغەمبەریش دروودی خوای لەسەر بێت فەرموویەتی: نەخۆشی بە هۆكارێكی ماددی تووشی مرۆڤ دەبێت و بە هۆكارێكی ماددیش چارەسەر دەكرێت، هەتا نەخۆشییە دەروونییەكانیش".
ئێستا چەندین كەس لە هەرێمی كوردستان دەڵێن ئەوان جنۆكە لە لەشی مرۆڤ دەردێنن و ئەوەیان كردووەتە كاری خۆیان، هەروەك مەلا عەلی كەڵەك لە هەولێر و مەلا زەكەریا لەسلێمانی، بەڵام مامۆستا موسا حەبیب دەڵێ " ئەوان ئەگەر راستدەكەن با لە قوتابخانەیەكی ئایینی بە نوێنەرایەتی چەند مامۆستایەكی پسپۆڕ بە ئایەتی قورئان ئەو كارەیان بسەلمێنن، لە قورئان و لە فەرموودەكانیشدا باس لەوە نەكراوە جنۆكە دەچێتە لەشی مرۆڤەوە".
دكتۆر خالیس قادر، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی گوتی" لە وەزارەتی تەندروستی شتێك نییە بەناوی جنۆكە دەرهێنان، ئەوە دیاردەیەكە بەهۆی ناهۆشیاری خەڵكەوە بڵاودەبێتەوە"، گوتیشی "ئەو كەسانەی سكاڵایان هەیە لەسەر ئەو كەسانە پێویستە لە دادگا تۆماری بكەن تاوەكو ئیجرائاتیان لەگەڵ بكرێت".
شۆفێری تاكسییەكە لەلایەن پۆلیسی هەولێر دەستگیركراوە، عەمید عەبدولخاق تەلعەت گوتی " ئەو كووڕە ناوی (سەید)ی لە خۆی ناوە، تۆمەتبارە بە كوشتنی ژنێك كە 40 داری لێداوەو مردووە، بە پێی یاساش ئێمە ناتوانین ئەو جۆرە كەسانە دەستگیر بكەین ئەگەر سكاڵایان لەسەر تۆمار نەكرێت، بەڵام ئەگەر خەڵكیان لەبەردەست بمرێت ئەوا دەستگیریان دەكەین".
بەفرینی دایكی پەروین كامەرانی زاوای بە بەرپرسی یەكەم دەزانێ لە مەرگی كچەكەی و دەڵێ" كچەكەم لە دووری مێردەكەی دڵی تووند دەبوو، ئەگەر كامەران بهاتبایەوە ناو ماڵ و منداڵی، كچەكەم لە هیچی كەم نەبوو، ئەوكاتەش ئەو سیحربازە كچەكەمی http://rudaw.net/kurdish/index.php/komelayeti/11455.htmlنەدەكوشت".

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق