ئه‌لبومی وینه‌كان

السبت، 25 فبراير 2012

زەویو زار كچێكی 5 ساڵانی بە دەستی مامی بە كوشتندا

زەویو زار كچێكی 5 ساڵانی بە دەستی مامی بە كوشتندا


ئیلام، هیچ لەو شەڕەی نێوان باوك و مامەكانی تێنەدەگەیشت، ئەو لەنێو ئۆتۆمبێلەكەدا خۆی حەشار دابوو، تاوەكو دووربێت لەو شەڕە، كەچی شەڕكەرەكان بەسەلامەتی لێی دەرچوون و ئیلامیش كوژرا.
رۆژی 13/2/2012 لە گوندی شائۆمەری سنووری ناحیەی كەسنەزان لە رۆژهەڵاتی شاری هەولێر، بەهۆی شەڕی نێوان سێ برا، منداڵێك بەناوی ئیلام بەهنام حەسەن، تەمەن 5 ساڵ كوژرا، بەڵام تائێستا بكوژی ئیلام دەستگیر نەكراوەو پۆلیسیش دەستیكردووە بە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە.
رائید ژیلەمۆ عەبدولقادر، بەڕێوەبەری بەدواداچوونی تووندوتیژی دژ بە ئافرەتان، بە(رووداو)ی راگەیاند، كێشەی زەوی و زار لەنێوان دوو برا هەبووەو بەشەڕهاتوون، لە ئەنجامی شەڕە تەقەی نێوانیان گوللە بەو كچە كەوتووەو گیانی لەدەستداوە "ئێستا بكوژ هەڵاتووە، لێكۆڵینەوەی پۆلیس بەردەوامە لەبارەی رووداوەكە".
بەهنام و غێدان و (ر) 31 ساڵ، هەر سێكیان بران و خەڵكی گوندی شائۆمەرن، ئەوان كوڕی ئاغای گوندن، چەند ساڵێكە باوكیان مردووە، هەرسێكیان خێزاندارن و خانووی خۆیان لە گوندەكە هەیە. نەعمان ناوی خوازراوی یەكێك لە دانیشتوانی ئەو گوندەیە، كە شەڕی نێوان براكانی بۆ (رووداو) گێڕایەوە و گوتی "پێشتر نەمانزانیبوو كێشەیان هەبێت، سەرەتا دەیانگوت ئیلام بەخۆی مردووە، دواتر دەركەوت لەسەر زەوی بووەتە شەڕیان و ئیلام بووەتە قوربانی".
بەگوێرەی قسەكانی نەعمان، ماوەی چەند هەفتەیەك بوو ئەو سێ برایە، ئەو زەوییەی بۆیان مابووەوە لە باوكیانەوە دابەشیان كردبوو "(ر) كە بكوژی ئیلامە، چەند رۆژێك بوو بەشە زەوی خۆی فرۆشتبوو، هەندێك دەڵێن لە بەشی براكانیشی فرۆشتبوو، یان براكانی پێیان ناخۆشبوو كە زەوی خۆی فرۆشتووە، لەسەر ئەوە ببووە شەڕیان، بە هەردوو برا لە (ر)ی برا بچووكیان دابوو".
ئەو شەڕە لەنێو زەوییەكە كراوە لە دەرەوەی گوند، وەك نەعمان دەڵێت. دوای ئەوەی (ر) لێدانی خواردبوو، براكانی دەمانچەشیان لێسەندبوو. (ر) چووبووە ناو ئۆتۆمبێلەكەی و دەستی دابووە كڵاشینكۆف و تەقەی كردبوو "براكانی لەگەڵ تەقەكردنی ئەو هەڵاتبوون، خۆیان لە پەنای ئەو ئۆتۆمبێلە حەشاردابوو كە ئیلامی تێدابوو، بەڵام ئەو هەر بەردەوام بووە لە تەقەكردن، لەئەنجامدا گوللە بەر ئیلام كەوتبوو"، وەك نەعمان دەڵێ "دیار نییە (ر) بە ئەنقەست لە ئیلامی داوە، یان تەقەی لە براكانی كردووە و بەر ئیلام كەوتووە".
بەگوێرەی قسەكانی نەعمان ئەو سێ برایە باری داراییان باشە، پێشتر قەت شەڕیان نەبووە. (رووداو) لە گوندی شائۆمەر چووە لای كەسوكاری ئیلام، بەڵام ئامادەنەبوون قسە بكەن.
هێمن قادر، بەڕێوەبەری ناحیەی كەسنەزان، لەسەر ئەو رووداوە قسەی بۆ (رووداو) كرد و گوتی ئەو برایانە پێشتر بۆ كێشەی زەوی سكاڵایان تۆمار نەكردووەو نەهاتوونەتە ناحیە، مەگەر لەنێوان خۆیان كێشەیان هەبووبێت "ئەو شەڕە لەنێوان دوو برا بووە، یەكێكیان تەقەی كردووەو لەئەنجامدا كچی براكەی خۆی كوشتووە".

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق