ئه‌لبومی وینه‌كان

السبت، 15 سبتمبر 2012

مالیكی بەڵێنەكەی شكاند و هێزی دیجلەی دروستكرد

وەزارەتی بەرگری عێراق لە 3ی تەمموزی ئەمساڵ، بە بڕیارێكی نوری مالیكی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، پێكهێنانی (فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی دیجلە)ی راگەیاند،  ئەوكات بەرپرسانی پارتی لە كەركووك دەیانگوت ئەو فەرمانە هەیە و سەرباز كۆدەكرێنەوە، بەڵام بەرپرسانی یەكێتی ئەوەیان رەتدەكردەوە
.
لیوا جەمال تاهیر، بەڕێوەبەری پۆلیسی كەركووك لەكاتی پێكهێنانی ئەو هێزە بۆ (رووداو) گوتبووی "قیادەكە تەنیا بۆ فیرقەی 12 و فیرقەی 5 دەبێ، هیچ پەیوەندی بە پۆلیسەوە نییە و ئەوان كاروباری پۆلیس ناكەن"، بەڵام رۆژی 30ی ئابی ئەمساڵ، بەغدا دەستبەكاربوونی ئەو هێزەی راگەیاند و بارەگای سەرەكیشیان لە ناوچەی سەربازیی K1 دەبێ لە خۆرئاوای كەركووك، كە فڕۆكەخانەی كەركووكیش لەوێیە.
مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەدوایین كۆبوونەوەیدا باسی مەترسیداری دروستبوونی ئەو هێزەی كرد،  كاتی خۆی نوری مالیكی بەڵێنیدابووە جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری عێراق كە دروستی ناكات و ئەوە راست نییە كە ئەو هێزە دروستكرابێت، بەڵام دوای پشتیوانی تاڵەبانی لە مانەوەی مالیكی، دوای هێوربوونەوەی هەوڵەكانی لادانی دەركەوت مالیكی هێزەكە و فەرماندەییەكەی دروستكردووە.
غالب عەتییە، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دیالە، بە (رووداو)ی گوت "رۆژی 3ی ئەو مانگە ئۆپەراسیۆنی دیجلە دەستبەكاربووەو كارەكەی بریتییە لە هەماهەنگیكردن و سەرپەرشتیكردنی كارەكانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەكان و سوپا لە هەردوو پارێزگای كەركووك و دیالە".
ساڵی 2008 هێزێكی هاوبەش لەناوچە ناكۆكی لەسەرەكان بەهاوبەشی (سوپای ئەمریكا، سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە) پێكهاتبوو، بەڵام دوای كشانەوەی سوپای ئەمریكا، سوپای عێراق خۆیان لەو رێككەوتننامەیە دەدزنەوە و بە تەواوی جێبەجێی ناكەن. 
هەڵۆ نەجات، بەڕێوبەری ئاسایشی پارتی لە كەركووك بە(رووداو)ی گوت "بەپێی رێككەوتنەكان دۆسیەی ئەمنی لەلایەن ژوورێكی هاوبەشەوە بەڕێوەدەبرا، كە لە پۆلیس و سوپا و ئاسایشی كەركووك پێكهاتبوو". هەڵۆ نەجات، پێكهێنانی ئەم هێزەی بە تێكدانی هاوسەنگی سەربازی لە شارەكە ناوبرد "لەكاتێكدا كەركووك ناوچەیەكی ناكۆكی لەسەری نێوان بەغدا و هەولێرە".
 لەبارەی مەترسییەكانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی دیجلەوە، بەڕێوەبەری ئاسایشی كەركووك گوتی "بەكارهێنانی فڕۆكەخانەی كەركووك و هێنانی سوپا و فڕۆكە مەترسیدارە، پێدەچێ لەژێر چەتری ئەو هێزەوە كۆمەڵێك هێزی دیكەش بێننە شارەكە".
مەترسییەكی دیكەی ئۆپەراسیۆنی دیجلە بە بڕوای نەجات "شكاندنی رێككەوتنەكانە لەگەڵ هەرێمی كوردستان، كە دەبوو بەرێككەوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان ئەو كارەیان بكردایە". 
سەركردایەتی ئۆپەراسیۆنی دیجلە، بۆ گرێدانی هەردوو فیرقەی سەربازی 12 كەركووك و بەڕێوبەرایەتی پۆلیس و هێزە ئەمنییەكانی ئەو شارەیە لەگەڵ فیرقەی 5ی دیالە و بەڕێوبەرایەتی پۆلیس و هێزە ئەمنییەكانی ئەو پارێزگایەدا. بەبێ بەشداریپێكردنی هێزەكانی ئاسایش و پێشمەرگە لەو دوو پارێزگایەدا، كە ئەمەش بە واتای وەرگرتنەوەی دۆسیەی ئەمنی ئەو دوو پارێزگایە دێت لە پۆلیسەوە بۆ سوپا، چونكە بەرپرسێكی سەربازی، فەرماندەیی هێزەكان دەكات، كە عەبدولئەمیر زەیدی فەرماندەی فیرقەی پێنجی دیالەیە، كە پێشتر فەرماندەی فیرقەی 12 بوو.
ئەحمەد عەسكەری، سەرۆكی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، ئاماژەی بەوەكرد كە ئەوان دژی پێكهێنانی ئەو هێزەن، گوتیشی "رەتمانكردەوە چونكە دژی بنەماكانی دەستوورە، لە دەستووردا هاتووە دۆسیەی ئەمنی لە دەستی پارێزگاردا دەبێت". گوتیشی "سوپای عێراق ئازادن گۆڕانكاری لە پێكهاتەی فیرقەكانیاندا بكەن، یاخود هەماهەنگی لەنێوان چەند فیرقەیەكدا بكەن، بەڵام ئەگەر سوپا بیەوێت بەرپرسیارێتی ئەمنی بگرێتە دەست لەپارێزگادا ئەوە كودەتایە بەسەر دەستووردا".
رێبوار تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، ئاماژەی بەوەدا ئەنجوومەنی پارێزگا، بوونی ئەو هێزەی رەتكردووەتەوە، لەبارەی هۆكاری رەتكردنەوەكەش گوتی "رەتیدەكەینەوە ئەگەر بەهەماهەنگی حكومەت و ئەنجوومەنی پارێزگا و پارێزگار نەبێت". هەورەها "دەبێ بە ئاگاداری و هەماهەنگی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بێت، چونكە ئەم ناوچە ناوچەیەكی ناكۆكی لەسەرە".
ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك هەفتەی رابردوو، بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی، پێكهێنانی ژووری ئۆپەراسیۆنی دیجلەی رەتكردەوەوە، بەڵام لەڕووی یاساییەوە كارەكەی ئەنجوومەن تەنیا هەڵوێست نواندنە، چونكە بەپێی دەستوور جوڵاندنی هێز لە دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیدایە، هەرچەندە بە گوتەی بەڕێوبەری ئاسایشی كەركووك پێشتر رێككەوتن هەبووە لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق، بۆ بەڕێوەبردنی كەركووك و "تەواوی عێراقیش بەرێككەوتن بەڕێوەدەبرێ".  
بەپێی راگەیێندراوی كۆتایی كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان، كە رۆژی شەممەی رابردوو ئەنجامدرا، پشتیوانیان لە بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كردووە. هەر لەو بەیاننامەدا پێكهێنانی ئەم هێزە بە "گەمەیەكی سیاسی" ناوبراوە و "باری ئەمنی و عەسكەری و سیاسی كەركووك و باقی ناوچە كێشە لەسەرەكان، دەخەنە بەردەم مەترسییەكی زیاتر و ئاراستەی مەترسیدارەوە". بەشداربووانی كۆوبونەوەكە داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو ژوورەیان كردووە. 
بەرەی توركمانی، هاوشێوەی كورد پێكهێنانی ئەو هێزە رەتدەكاتەوە. عەلی مەهدی، وتەبێژی بەرەی توركمانی هۆكاری رەتكردنەوەكەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی "كەركووك دەبێ لەلایەن دانیشتوانەكەیەوە پارێزگاری لێبكرێت"، داواشی لە پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگا كرد هاتنی هەر هێزێك رەتبكەنەوە "ئەو هێزانە لە باشووری عێراقەوە بێت یان باكوور".
شێخ بورهان موزهەر عاسی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا لەگردبوونەوەی كۆماری عەرەبی، لەگەڵ پێكهێنانی ئەم هێزەدایەو پێیوایە هیچ شتێك نییە ببێتە ئەلتەرناتیڤی ئەو هێزە. شێخ بورهان كە فراكسیۆنەكەی ئامادەنەبوون بەشداری كۆبونووەكەی ئەنجوومەنی پارێزگا بكەن، كە دەنگی دژی پێكهێنانی هێزەكەدا، بە (رووداو)ی گوت "سوپای عێراق ئەركی پارێزگاریكردنی ئاسایشی لەسەر شانە و هاتنیان بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیەیە، كە لەدوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا دروستبووە". بەڵام هەڵۆ نەجات، بۆشایی ئەمنی كەركووكی گەڕاندەوە بۆ نەبوونی ئیجرائات لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان و بوونی سنوورێكی بەرفراوانی كراوە بە ڕووی حەویجەو رەشادو حەمرینەوە كە بوونەتە "مۆڵگەی تیرۆریستان".

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق