كه‌سوكارى كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ى رۆبۆسكى(شه‌رناخ) كۆچ ده‌كه‌ن
تاوه‌كو ئێستا بۆ ئاشكراكردنی ئه‌نجامده‌رانی كۆمه‌ڵكوژی رۆبۆسكێ هیچ هه‌نگاوێك نه‌نراوه، بۆیه دانیشتوانى ئه‌و گونده یه‌ك مانگ مۆڵه‌ت ده‌ده‌نه حكومه‌تى توركیا، ئه‌گه‌ر ئه‌نجامه‌كانى ئاشكرا نه‌كرێت كۆچ ده‌كه‌ن بۆ هه‌رێمى كوردستان.
محه‌ممه‌د ئه‌نجو، كه له رووداوه‌كه به برینداری رزگاری بووه‌و 2 براو خوارزایهكیشى له‌و رووداوه گیانیان له‌ده‌ستداوه رایده‌گه‌یه‌نێت "ئه‌گه‌ر له ماوه‌ی مانگێكدا هه‌نگاو نه‌نرێت بۆ ئاشكراكردنى ئه‌نجامى لێكۆڵینه‌وه‌ى كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ى رۆبۆسكێ ئه‌وا خانه‌واده‌ی 34 قوربانیه‌كه كۆچ ده‌كه‌ین".
شەوی 28/12/2011 چوار فڕۆكه‌ى جه‌نگى توركیا له گوندى رۆبۆسكێ لە ناوچەی قهلابانی پارێزگاى شرنا‌خ بۆردوومانى 50 كۆڵبهرى گونده‌كه‌یان كرد كه له سنوورى نێوان هه‌رێمى كوردستان‌و باكوورى كوردستان به كۆڵ‌و وڵاخه‌كانیان كه‌لوپه‌لیان ده‌گواسته‌وه‌و كارى كاروانچییان ده‌كرد، به‌هۆى بۆردوومانه‌كه‌وه 34 كه‌س بوونه قووربانى كه ته‌مه‌نیان له‌نێوان 15 بۆ 35 ساڵیدابوو.
محه‌ممه‌د ئه‌نجو گوتى "90 رۆژ به‌سه‌ر رووداوه‌كه تێپه‌ڕیوه، تاكه هیوامان لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی په‌رله‌مانی توركیایه، شه‌و و رۆژ چاوه‌ڕێی ئه‌نجامی راپۆرتی كۆمسیۆنهكهین"، ئه‌نجو گوتى "كۆمسیۆنی لێكۆڵینه‌وه‌ی مافی مرۆڤ له په‌رله‌مان دیمه‌نه‌ی بۆردوومانهكهى بینیوه، به‌ڵام هێشتا بكوژان نهداونهته دادگا‌و ئه‌وانه‌ی فه‌رمانی كۆمهڵكوژیهكهیانداوه ناهێڵن رووداوه‌كه ئاشكرا بێ، هه‌ربۆیه به‌رپرسی یه‌كه‌م سه‌رۆك وه‌زیر و سه‌رۆك ئه‌ركانى توركیایه، چونكه ئه‌وان ده‌زانن كێ فه‌رمانى كارهكهیداوه".
خانه‌واده‌ى كوژراوانى رۆبۆسكى نارازین له لێكۆڵینه‌وه‌كه‌و ئاشكرا نه‌كردنى ئه‌نجامه‌كه‌ى، رایده‌گه‌یه‌نن "به‌رپرسانى توركیا تاوانبارن له‌و كاره، چونكه ئه‌گه‌ر سه‌رۆك وه‌زیرو سه‌رۆك ئهركانو فه‌رمانده‌ی هێزی ئاسمانی فه‌رمانی بۆمباران نه‌ده‌ن فڕۆكه‌وان ناتوانن سه‌ربه‌خۆ ئه‌و كاره بكه‌ن، به دڵنیایی ئه‌و كۆمه‌ڵكوژیه به فه‌رمانی سه‌رۆك وه‌زیرو سه‌رۆك ئه‌ركان بووه".
محه‌مه‌د ئه‌نجو جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه ئه‌وان تا مانگێكی تر دانبه‌خۆ داده‌گرن:" ئه‌گه‌ر بكوژانی منداڵه‌كانمان ئاشكرا نه‌كرێن ئێمه وه‌كو خانه‌واده‌ی 34 قوربانیه‌كه ئه‌و خاكه به‌جێ دێڵین. هیچی ترمان له ده‌ست نایێ، له به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌ت چه‌كمان نیه، فڕۆكه‌مان نیه. ته‌نیا كۆچكردنمان له‌ده‌ست دێ و ئه‌مه ئه‌نجام ده‌ده‌ین".
ئه‌نجو پێیوایه دوای سه‌ردانی ئه‌مینه ئه‌ردۆغان هاوسه‌ری سه‌رۆك وه‌زیری توركیا و به‌شیر ئاتاڵای جێگری سه‌رۆك وه‌زیر بۆ ناوچه‌كه راگه‌یاندنی توركیا له راست رووداوه‌كه بێده‌نگ بوو:" ئه‌وه 20 رۆژه ته‌نیا یه‌ك هه‌واڵیش ده‌رباره‌ی رۆبۆسكێ نه‌نوسراوه.
ئه‌وه‌ش پرسیاری ئایا راگه‌یاندن بێده‌نگ كرا؟ ده‌وروژێنێ. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه داوای ئاشتی ده‌كه‌م. هه‌ر چه‌ند خوێن بڕژێ ئه‌وه‌نده مرۆڤی بێ‌تاوان گیانی ده‌سپێرێت".
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق