ئه‌لبومی وینه‌كان

الخميس، 17 مايو 2012

کونسولی ئێران له‌ هه‌ولێر: ئیسرائیلى لە هەرێمی کوردستان نین

کونسولی کۆماری ئیسلامی ئێران له‌ هه‌ولێر رایگەیاند "بنکە و بارەگایەكی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستاندا نییه".
عەزیم حوسێنی، کونسولی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپرێس رایگەیاند "ئیسرائیل بوونی نییە و باس کردن لە بوونی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان وەک (شەڕێکی دەروونی) بەکار دەبردرێت
".
کۆنسولی ئێران لە هەولێر گوتیشی "ئیسرائیل ئێستا لە هەمووکات زیاتر رووبەڕووی لەناوچوون بووەتەوە. ئیسرائیل نەک لە کوردستان و ناوچە بەڵکو ناتوانێت بوونی خۆی لەوێش (ئیسرائیل) بسەلمێنێت و سەدەکانی حوکم کردنی ئیسرائیل و تەنانەت جووەکان بەکۆتا گەیشتووە و بەرپرسانی ئەو رژێمه خەون به کۆتایی ئیسرائیل دەبینن".
ناوبراو لە وەڵامی کوردپرێس کە ئاماژەی بە بوونی بەڵگەنامە لەسەر هەبوونی پێگە و بارەگای ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان دەکرد، جەختی کردەوە "ئەو باسانه تەنها بە مەبەستی شەڕێکی دەروونی بۆ ئاڵۆزکردنی ناوچەکە بەکار دێت".
کۆنسولی ئێران ئاشکراشی نەکردووە کام لایەن یان وڵات ئەم باسانه بەدژی کام لایەن یان وڵاتی دیکە وەک شەڕێکی دەروونی بەکار دێنێت.
ئەو لێدوانانەی کۆنسولی ئێران لە هەولێر لە کاتێکدایە کە ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئێران، چەندین جار هەرێمی کوردستانیان بەوە تۆمەتبار کردووە کە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتی ئیسرائیل هەیە و ئیسرائیلیەکان خاکی هەرێمی کوردستان بەدژی ئێران بەکار دێنن.
رۆژی 12/05/2012، حکومەتی هەرێمی کوردستان به توندی وەڵامی ئەو تۆمەتانەی ئێرانی داوە و رایگەیاند ئەو تۆمەتانه هەوڵێکە بۆ تێوەگلانی هەرێمی کوردستان لە ململانێی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیسرائیل، کە ئێمە بە هیچ جۆرێک ناخوازین ببینە بەشێک لە ململانێی لەم جۆرە.  
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکراشی کرد "دڵنیاین کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران خۆشیان ئەو راستیە باش دەزانن کە هەموو ئەو لێدوانانە دوورن لە راستی، چونکە لە کۆبوونەوەی بەرپرسە باڵاکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران ئێمە داوای پێشکەش کردنی بەڵگەمان کردووە بەڵام ئەوان تاکو ئێستا نەیانتوانیوە بەڵگە پێشکەش بکەن و راستی قسەکانیان بسەلمێنن". 

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق