ئه‌لبومی وینه‌كان

الأربعاء، 16 مايو 2012

مالیكی) لەو شوێنەوە دەستی پێكرد كە (سەدام) كۆتایی پێهێنا




سەرچاوە: ماڵپەڕی “بلومبێرگ” - وەرگێڕانی: شەونم محەمەد ئەمین

شێوازی بەڕێوەبردنی عێراق لە لایەن سەرۆكوەزیرانی وڵات (نوری مالیكی)ەوە بوەتە بابەتێكی سەرەكی زۆربەی رۆژنامەكانی ناوچەكە و جیهان و هەندێك لە نووسەرەكانیش زۆر بە توندی ڕەخنە لە حكوومەتی ئەمەریكا دەگرن لە بەرامبەر كشانەوەی سوپای وڵاتەكەیدا لە عێراق.

(مالیكی) و وەرگرتنی بەهرەكانی (سەدام)
(ئەحمەد ئەلموحەننا) لە رۆژنامەی “ئەلمەدا”ی عێراقییدا بابەتێكی نووسیوە و تیایدا هاتووە “وا دیارە ئەزموونە دیموكراسییە ساواكەی عێراق بە شوێن پێی (سەدام)ـەوەیە. ئەوەیش لە بەر یەك شت، وا دەردەكەوێت (مالیكی) هەمان بەهرەی (سەدام)ی لە دروستكردنی دوژمن و خوڵقاندنی نەیاردا هەیە “.

ماڵپەڕی “بلومبێرگ”ی ئەمەریكی شیكارییەكی ئەم چەند دێڕەی كردووە و دەڵێت: كێشەكانی ئەم دواییە و ئێستای نێوان حكوومەتی ناوەندی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لایەك و سوننەكان و (مالیكی) لە لایەكی دیكەوە ئەو ڕاستیە پێشان دەدات كە سەرۆكوەزیرانی عێراق بەڕاستی لەگەڵ خوڵقاندنی كێشەدایە.

“بلومبێرگ” هەروەها دەڵێت: سیاسەتی (مالیكی) گەیشتووەتە ئەو ئاستەی كە چی دیكە كەسایەتیی دیاریی شیعەكانی عێراق (موقتەدا سەدر)یش قەبووڵی ناكات و هەربۆیەیش ماوەیەك پێش ئێستا لە كۆبوونەوە ڕاوێژكارییەكەی هەولێردا بەشدار بوو.

(مالیكی) و كەمی دەسەڵات
(موحەننا) سوپاسی خوا دەكات كە (مالیكی) ئەو توانایەی نییە وا (سەدام) هەیبوو، چونكە ئەو كاتە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكەیشدا شەڕی هەڵدەگیرساند، هەرچەندە كەمتەرخەمیی لەوەیشدا نەكردووە، كە تۆمەت ئاراستەی توركیا بكات و پەیوەندیی نێوان عێراق و وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریكاریی كەنداویش بە ساردوسڕی و پڕ لە كێشە بهێڵێتەوە.

(موحەننا) لە بەشێكی دیكەی بابەتەكەدا نووسیویەتی “شتی زۆر سەیر دەربارەی (مالیكی) ئەوەیە كە ناوبراو لەو شوێنەوە دەستی پێكرد وا (سەدام) كۆتایی پێ هێنا، ئەوەیش بە هەبوونی پەیوەندییەكی زۆر بەهێز لەگەڵ بەرپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئێران و سووریادا”.

نووسەر ئەو پرسیارە لە خوێنەرەكانی دەكات، كە ئاخۆ “عێراق لە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ حكوومەتی سووریا و ئێراندا چ سودێكی دەست دەكەوێت، چونكە بەرپرسانی ئەو وڵاتە پشتیوانیی كۆمەڵگای نێودەوڵەتییان لەدەست داوە و تەنانەت لە لایەن خەڵكی خۆیشیانەوە پشتیوانییان لێناكرێت”.

(مەهدی قاسم)یش لە “سەوت ئەلعێراقدا” بابەتێكی نووسیوە و تیایدا هاتووە: سیستەمی عێراق سەرچاوەی سەرەكیی تەواوی ئەو تەنگژە و قەیرانانەیە وا عێراقی گرتوەتەوە.

نووسەر باس لەوە دەكات، كە سیستەمی ئێستای بەڕێوەبردنی عێراق هاوشێوەی سیستەمی بەڕێوەبردنە لە لوبناندا، كە ئیتنی و تائیفیە و هەر ئەوەیش وای كردووە، تەنگژەی سیاسی و شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە ببێتە بەشێك لە ژیانی رۆژانە لە ماوەی زیاتر لە نیو سەدەی ڕابردووی لوبناندا.

سەرچاوە: ماڵپەڕی “بلومبێرگ”

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق