ئه‌لبومی وینه‌كان

الثلاثاء، 6 أغسطس 2013

جەعفەر ئێمینكی وەڵامی جەمیل بایك دەداتەوە





گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، وەڵامی وتارەكەی هاوسەرۆكی كۆماجڤاكێن كوردستان دەداتەوە، كە لەبارەی داخستنی سنوورەكانی باشوور بەڕووی رۆژئاوای كوردستان نووسیبووی ‌و دەڵێ "تۆمەتەكانی جەمیل بایك دژی پارتیمان بێ بەنەماو بێ نرخن".

جەمیل بایك، هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەری KCK لەمیانی وتارێكیدا هێرشی كردە سەر پارتی دیموكراتی كوردستان و رایگەیاند "لە دژی رۆژئاوای كوردستان گەلەكۆمەیەك هەیە و PDKش بە داخستنی سنوور دەبێت بە پارچەیەك لەو گەلەكۆمەیە".

جەمیل بایك ئەوەشی گوتووە: "هێرشەكانی سەر رۆژئاوای كوردستان بۆ هەموو كەسێك ئەزموونێكە، ئەگەر ئابڵوقە و گەمارۆی سەر رۆژئاوای كوردستان بەردەوام بێت، ئەوا ئەوكات پرسیاری ئایا PDK لەكوێی ئەم گەلەكۆمەیەدایە زیاتر بەرگوێ دەكەوێت".

لە لێدوانێكیشدا بۆ ماڵپەری فەرمی حیزبەكەی، جەعفەر ئیمینیكی، گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێت "ئەو تۆمەتانەی بەڕێز جەمیل بایك دژی پارتیمان بڵاویكردۆتەوە، تۆمەتی بێ بنەما و بێ نرخن، بەهیچ شێوەیەك خزمەتی بزاڤ و دۆزی كورد لە كوردستانی رۆژئاوا ناكات".

ئاماژەی بەوەشكردووە "پێویست بوو ئەو بەڕێزە كە سەركردایەتی رێكخستنێك دەكات، لە جیاتی دروستكردنی تۆمەت و ئەمجۆرە قسانە دژی پارتیمان، كار لەپێناو پێكهێنانی زەمینە بۆ یەكڕیزی و یەكبوونی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی رۆژئاوا بكات، هەروەها جدیتر كار بۆ بەدیهێنانی ئامانجە كوردستانی و نەتەوەییەكان بكەن، نەك بەم شێوەیە دەست بكات بە دروستكردنی تۆمەت دژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كاتێكدا ئێمە كار بۆ یەكڕیزی و تەبایی و سازدانی زەمینەی گەیشتن بە مافە نەتەوەیی و دیموكراتییەكانی كورد لەم بەشەی كوردستاندا دەكەین". 

گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ "بۆ هەموو لایەكیش رو‌ون و ئاشكرایە كە سەرۆك بارزانی و پارتیمان چ رۆڵێكی گرینگ ‌و مێژووییمان بینیوە لە هاوكاریی سیاسی و ئابو‌وری و مرۆیی و دیبلۆماسی بۆ پێشخستن و سەركەوتنی دۆزی كورد لەم بەشەی كوردستاندا".

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق