"هەفتەی داهاتوو ژمارەیەک قایمقام دەگۆڕدرێن"
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئاشکرای کرد "لە هەفتەی داهاتوودا دەست بە گواستنەوەی ژمارەیەک قایمقام و
بەڕێوەبەری ناحیه لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت".
فایەق تۆفیق، بریکاری وەزارەتی ناوخۆ لەو
بارەوە به (رووداو)ی راگەیاند "لێژنەی پێویست بۆ ئەم مەبەستە پێک هاتووە و
لە هەفتەی داهاتوودا ئەنجامەکان ئاشکرا دەکرێن".
لە لایەکی دیکەوە، جەلال کەریم، بریکاری
وەزارەتی ناوخۆ کە سەرپەرشتی کاری لێژنەکە دەکات به (رووداو)ی راگەیاند
"لێژنەکە بەردەوامه لە کاروبارەکانی خۆی و لە 10 رۆژی داهاتوودا ئەنجامەکان
رادەگەیەندرێن".
جەلال کەریم سەبارەت به ناوی ئەو قایمقام و
بەڕێوەبەرانەی کە بڕیار وایه بگوازرێنەوە، رایگەیاند "لێژنە تا ئێستاش
بەردەوامه لە دیاری کردنی ژمارە و ناوی ئەو قایم مەقام و بەڕێوەبەری
ناحیانەی کە بڕیار وایه بگوازرێنەوە و دوای کۆتایی هاتنی کارەکانی لێژنه،
ناوەکان و شوێنی گۆاستنەوەیان ئاشکرا دەکرێت".
عیماد ئەحمەد، جێگری سەرۆکی حکومەتی
هەرێمی کوردستان لە کاتی راگەیاندنی یەکگرتنەوەی وەزارەتی ناوخۆ، رایگەیاند
"ژمارەیەک قایمقام و بەرێوەبەری ناحیە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان
دەگۆڕدرێن".
بڕیار وایە ژمارەیەک قایمقام و بەڕێوەبەری
ناحیە لە هەولێر و دهۆک بۆ سلێمانی و گەرمیان بگوازرێنەوە و به
پێچەوانەشەوە به هەمان ژمارە قایمقام و بەڕێوە بەری ناحیە لە سلێمانی و
گەرمیان بۆ هەولێر و دهۆک دەگوازرێنەوە.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق