كەسوكارەكەی چاوەڕێیان دەكرد بگەڕێتەوە ماڵەوە، بەڵام تەها بەسەرخۆشی گەڕایەوەو هەرایەكی گەورەی لە ماڵەكە نایەوە، كە دواجار بە مەرگی خۆی كۆتایی هات. بەڕێوەبەری پۆلیسی گەڕەكەكەیان دەڵێت، تەها لەگەڵ هاوسەرەكەیو دایكو باوكی شەڕی كردو بەچەقۆ هێرشی بردووەتە سەریان "باوكی تەهاش بە 3 گوللە كوڕەكەی كوشتووە
".
لە گەڕەكی رەحیماوەی شاری كەركووك، گەنجێك بەناوی (تەها. ی) 29 ساڵ، خێزاندار، ئێوارەی 10/3/2012 لەناو ماڵەكەی خۆیان بە دەستی باوكی كوژرا، پاشان باوكی دەستگیركراو ئێستا لە زیندانە.
هاوتەریب لەگەڵ ئەو ململانێ سیاسییەی شارەكەی داپۆشیوە، كێشە كۆمەڵایەتییەكانیش لە شاری كەركووك لە هەڵكشانن، چەندین تاوانی وەك كوشتنی كوڕ لە لایەن باوك و ژن لە لایەن مێردی، پیاو لەلایەن ژنەكەیەوە لەو ماوەیە تۆماركراون.
تەها كە پەنچەرچی بوو، لەگەڵ دایكو باوكی دەژیا، وەك پۆلیس باسی دەكات، بەهۆی مەشروبخواردنەوە چەند جارێك لەگەڵ خێزانەكەی كێشەی هەبووە، عەمید ئەنوەر قادر بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیسی رەحیماوە بە (رووداو)ی گوت "كاژێر 7ی ئێوارە، 3 كەس تەها دەگەیەننەوە ماڵ، چونكە سەرخۆش بووەو نەیتوانیوە بە ڕێدا بڕوات، كە گەڕاوەتەوە سەرەتا لە ژنەكەی داوە، پاشان لە دایكی داوە، ویستوویەتی بە چەقۆش پەلاماری باوكی بدات".
عەمید تەها ئاماژەی بەوەدا لەو كاتەی كوڕەكەی بەرەو لای باوكی چووە، باوكی دەستی داوەتە چەك "لەو كاتەی گوتوویانە تەقە بكە و تەقە مەكە، 3 گوللە تەقێنراوە و لە سینگی كوڕەكەی داوەو یەكسەر كوشتوویەتی، پاشان باوكەكە هاتە بنكەی پۆلیس و خۆی رادەستی پۆلیس كرد".
باوكی تەها لە ئیفادەكەیدا لای پۆلیسی رەحیماوە گوتوویەتی هیچ چارەی دیكەی نەبووە جگە لە كوشتنی كوڕەكەی، عەمید ئەنوەر گوتی "باوكی تەها دەیگوت كوڕەكەم هەوڵی دا بمكوژێت، بە چەقۆوە بۆم هات، چارەم نەما جگە لە كوشتن، ئاگای لە خۆی نەبوو ناچاربووم تەقەی لێبكەم، كە بەسەرخۆشی هاتەوە، گوتم كوڕم بۆ ئەوها دێیتەوە، گوتی تۆ هەقت نییەو قسە مەكە".
عەمید ئەنوەر دەڵێت پێشتر ئەو باوك و كوڕە كێشەیان هەبووە، چونكە كوڕەكەی زۆربەی جار بە سەرخۆشی گەڕاوەتەوە ماڵ "هەتا ئێستا كەس نەهاتووە سكاڵا تۆمار بكاتو تەنانەت دایكی كوڕەكە هاتووە دەڵێت خەتای كوڕەكەمە، ژنەكەیشی سكاڵای نییە".
بەپێی قسەكانی عەمید ئەنوەر، لە ماوەی رابردوو چەند حاڵەتێكی ناوازە لە كەركووك روویانداوە، وەك كوشتنی پیاوێك بە دەستی ژنەكەی و كوژرانی منداڵ بە دەستی باوكی، زۆربەی هۆكارەكانی ئەو رووداوانەشی بۆ خواردنەوە كحولییەكان گەڕاندەوەو گوتی "ئەو حاڵەتە ناوازانە لە كەركووك سەریان هەڵداوە، لێرە زۆر كەس رووی لە مەشروبخواردنەوە كردووە، بەناوی ئازادییەوە ئەو كارە دەكەن، فێربوونەو رۆشنبیری خواردنەوەشیان نییە، كێشە بۆ خەڵك دروستدەكەن".
جوان حەسەن، سەرۆكی لێژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، زۆربوونی كێشە كۆمەڵایەتیەكانی بۆ دوو هۆكار گەڕاندەوە، تەقینەوەو زۆری چەك لە ماڵان "ئەو تەقینەوانە كاریگەرییان لەسەر دەروونی هاووڵاتیان داناوە و هەڵسوكەوتی خەڵكیشی گۆڕیوە، بەهۆی ترسو دڵەڕاوكێوە هەیە پەنای بۆ مەشروبخواردن بردووە، یان جاری وا هەبووە لەسەر كێشەی بچووك دەستیان بۆ چەك بردووە".
جوان حەسەن، دەڵێت "هەموو ماڵێك لە كەركووك چەكی هەیە"، بۆیە پێیوایە زۆركەس لە كاتی تووڕەبوون دەست بۆ چەك دەبەن "نەتوانراوە دیاردەی چەك هەڵگرتن قەدەخە بكرێتو ئێستا چەك وەكو یارییەكی لێهاتووەو خەڵك هەموو هەیانە، پێویستمان بە نەهێشتنی چەكە، دەبێت بە پێی یاسا دیاری بكرێت كێ چەك هەڵبگرێت، چەك فرۆشتنیش لەناو شارەكان نەمێنێ".
چەند رۆژێك بەر لە كوژرانی تەها، پیاوێك بەناوی (ئە.ع) بەهۆی زۆر مەشروبخواردنەوە لە ژێر پردێكی نزیك رەحیماوە لە سەرما رەق بووەوە، كەسوكارەكەی ئامادە نەبوون تەرمەكەی وەربگرنەوە و لای پۆلیس گوتوویانە حاشامان لێكردووە، تا ئێستاش تەرمەكەی لە پزیشكی داوەری كەركووكە
rudaw.net
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق