ئه‌لبومی وینه‌كان

الثلاثاء، 6 أغسطس 2013

یەکێتی هەڕەشە دەکا و کۆمسیۆن بێ منەتە




پارتی دیموكراتی كوردستان رەخنە لە یەكێتی و ئۆپۆزیسیۆن دەگرێ كە "دەیانەوێ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان دوابخەن". گوتەبێژی مەكتەبی سیاسی پارتی گوتی كە بەپێی لێكدانەوەكانیان لەو هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەدا 42 كورسی پەرلەمان بەدەستدێنن.

گومانەكان لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن لەوادەی خۆی تادێ زیاتر دەبێ. بەتایبەتی كە هەردوو حیزبی هاوپەیمان پارتی و یەكێتی رای جیاوازیان هەیە لەسەر ئامادەكارییەكان.

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە هاوپەیمانی ستراتیژی پارتییە، لەسەر مەسەلەی تۆماری دەنگدەران پێداگری دەكات كە رەنگە بەهۆیەوە هەڵبژاردنەكان دوابخرێن.

یەكێتی: رێگەی یاسایی دەگرینەبەر

لە دوا كۆبوونەوەیدا لە 3/8/2013، مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەرێگەی دەركردنی بەیاننامەیەك رەخنەی توندی لە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان گرت و رایگەیاند "رێكاری یاسایی دەگرینە بەر، چونكە وردنەبوونی تۆماری دەنگدەران دەبێتە هۆكاری تانەگرتنی جدی لەسەر بێگەردی هەڵبژاردنەكان". 

هەروەها كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی بەوە تۆمەتبار كرد كە جدی نییە لەو بابەتە "دوای ئەوەی داتای نادروستی تۆماری دەنگدەران روون بووەتەوە و هیچ ئاماژەیەكیش نابینرێ كە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان بۆ چارەسەركردن و یەكلاكردنەوەی ئەو كەیسە هیچ هەنگاوێكی جدی هەڵبگرێ".

سەربەست مستەفا ئامێدی، سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رایگەیاند "هەر سكاڵایەكی یاسایی هەبێ لەسەر تۆماری دەنگدەران ئەوا ئەگەرێكی زۆری هەیە كە هەڵبژاردنەكان دوابكەون". 

بەڵام سەرەڕای ئەوەش گوتی "با بفەرموون رێگای یاسایی بگرنەبەر و قەزاش بە ئێمە بڵێ بەو شێوەیە كار بكەن و كێشەكە چارەسەر بكەن".

سەرۆكی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان ئەوەشیگوت "بەفەرمی سەردانی هەرسێ لایەنی ئۆپۆزیسیۆن و مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتیمان كردووە و بە تێر و تەسەلی ئەم بابەتەمان بۆ روونكردنەوە، بەڵام دیارە هەندێك تەفەهومیان كردووە و هەندێكیش تێینەگەیشتوون".

بەڵام شۆڕش ئیسماعیل، بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكێتی گوتی "ئەگەر كۆمیسیۆن ئەو بابەتە چارەسەر نەكات و لیستێكی پاكی دەنگدەران ئامادە نەكات، لە دادگا سكاڵا تۆمار دەكەین".

پارتی: رازی نین هەڵبژاردن دوابخرێ
جەعفەر ئیبراهیم، ئەندام و گوتەبێژی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵوێستی حیزبەكەی لەسەر مەسەلەی هەڵبژاردنەكان دوای كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی راگەیاند و گوتی "پارتی لەگەڵ ئەوەیە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان لەكاتی خۆیدا بكرێ". گوتیشی "هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەكرێ لە 21/11 بەڕێوەبچێ كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەستنیشانی كردووە".

پارتی نیگەرانی خۆی لەوە پێشاندا كە بابەتی تۆماری دەنگدەران لەقەبارەی خۆی گەورەتركراوە. جەعفەر ئیبراهیم گوتی "لە رادەبەدەر و بەشێوازێكی هەستیار و گوماناوی تەماشای ئامارەكان و تۆماری دەنگدەران دەكرێ". گوتەبێژەكەی پارتی گومانی لەو هەوڵانە هەیە كە زیاتر مەبەستیان لە تۆماری دەنگدەرانی ئەو ناوچانە بێت كە حیزبەكەی ئەو تێیاندا دەسەڵاتدارە "دەبووایە ئەم بابەتە سەرتاسەری بووایە نەك تەركیزیان بكردبایە سەر هەولێر و دهۆك، چونكە ئەو تەركیزە بە ناڕەواو نادروست دەزانین". 

سەبارەت بە ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستانیش كە رەنگە بەهۆی سكاڵاكەی یەكێتییەوە دوا بكەوێ، جەعفەر ئیبراهیم پێیوایە "دواكەوتنی هەڵبژاردنەكان دەكەوێتە ئەستۆی ئەو لایەنەی كە كێشە دەخاتە بەردەم پرۆسەی هەڵبژاردن". سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاند "ئەگەر دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان بۆ ئەوە بێت كە لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بكرێ و خەرجی كەم بێت و داواكاری لایەنەكانی لەسەربێ كێشەمان نییە".

هەروەها شۆڕش ئیسماعیل، بەرپرسی ناوەندی هەڵبژاردنەكانی یەكێتی گوتی "هیچ هۆیەك نابینین بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوابخرێ و دەبێ لە 21ی ئەیلولدا بكرێ". گوتیشی "دەبێ لێپرسینەوە لە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بكرێ بۆ وایانكرد هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دوابكەوێ".

"42 كورسی دێنین"

پارتی دیموكراتی كوردستان پێیوایە بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەمجارە پێش هەموو لایەنەكان دەكەوێ و دەنگێكی باش بەدەست دێنێ.
بەپێی ئامار و داتاكانی لێژنەی هەڵبژاردنەكانی پارتی، ئەو حیزبە بە نیازی بەدەستهێنانی 42 كورسییە.

بەپێی ئەو ئامارانە، پارتی پێشبینی دەكات لە پارێزگای دهۆك 17 كورسی و لە هەولێر 20 كورسی و لە سلێمانیش بە "مسۆگەری" 5 كورسی بباتەوە.
جەعفەر ئیبراهیم، كە خۆی سەرپەرشتی پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی پارتی دەكات گوتی "تاكتیكێكی ئاسانمان هەیە بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین كورسی".

جەعفەر ئیبراهیم نیگەرانی حیزبەكەی لەو تۆمەتانە دەربڕی كە دەدرێنە پاڵ پارتی لەبارەی تۆماری دەنگدەران و گوتی "هەموو ئەو تۆمەتانەی دەدرێنە پاڵ پارتی چ راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆبێ، رەتدەكەینەوە، ئینجا چ لەلایەن هاوپەیمانەكەی ئێمەوە بێت كە یەكێتییە یاخود لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە بێت، بۆیە زۆر لەو تۆمەتانە نیگەرانین".

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق