ئه‌لبومی وینه‌كان

الاثنين، 4 فبراير 2013

ژنهێنانى (رێبین هەردى و د.موسەننا و ئەحمەد میرە) هەراى نایەوە




دواى ئەوەى هەواڵى ژنهێنانى دووەمى (ئەحمەد میرە)ى خاوەن ئیمتیازى گۆڤارى لڤین، لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکانى فەیسبووک و تویتەر بڵاوکرایەوە، گفتوگۆى بەدواى خۆیدا راکێشا و زۆرێک لە گفتوگۆکەران، رەخنەى توندیان ئاراستەى ئەحمەد میرە
کردووە و بە پێشێلکردنى مافى ژنەکەى تۆمەتبارییان کردووە، بەپێی ئەو هەواڵ و کۆمێنتانە، ئەحمەد میرەى خاوەن ئیمتیازى گۆڤارى لڤین، ژنى یەکەمى تەڵاق داوە و لەگەڵ کچێکى زۆر لە خۆى بچوکتر زەواجى کردووە.

ئەم هەواڵە لە کاتێکدا بڵاو بووەوە کە دادگاى سلێمانى، سزاى ماددى دکتۆر موسەننا ئەمین-ى ئەندامى سەرکردایەتى یەکگرتووى ئیسلامى دا، چوونکە د.موسەننا تووندوتیژى بەرامبەرا هاوسەرى یەکەمى ئەنجامداوە، د.موسەننا کە ئەندامى سەرکردایەتى یەکگرتوى ئیسلامییە و مامۆستاى زانکۆشە، لەگەڵ ژنەکەى یەکەمى جیابۆتەوە و ژنێکى دیکەى هێناوە، هەرچەندە تاکوو ئێستا کاردانەوەى ئیعلامى ژنى یەکەمى د.موسەننا نەبیستراوە، بەڵام ژنى یەکەمى د.موسەنناى ئەندامى سەرکردایەتى یەکگرتوى ئیسلامى دکتۆراى هەیە لە جێندەر و ئافرەتیکى چالاک و دیارى بوارى مافەکانى ژنانە و ناوى (د.عالیە)یە.

ساڵى رابردووش، رێبین ئەحمەد هەردى رۆژنامەنووس و کەسى نزیک لە نەوشیروان مستەفا و بزوتنەوەى گۆران لە گەرمەى کێشەکانى نێوان ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتدا، ژنى دووەمى خۆى هێنا، ئەم دووەم ژنهێنانەى رێبین هەردى بووە هەواڵى هەندێک رۆژنامەکان و لە فەیسبووکیش بە خێراى بڵاو بووە و گفتوگۆى تووندى بە دواى خۆیدا هێنا.

ئەوکاتەش رێبین هەردى بەوە تۆمەتبار کرا کە ژنى یەکەمى تەڵاقداوە و ژنى دووەمى هێناوە، ژنى دووەمى رێبین هەردى، ناوى خاتوو سەمیرە محەمەدە و ماستەرى لە بوارى مافى مرۆڤ هەیە و چالاکوانى کۆمەڵگەى مەدەنییە.

توێژەرێکى کۆمەڵایەتى پێیوایە، هێنانى ژنى دووەم لە حاڵەتەوە خەریکە دەبێتە دیاردەیەکى زۆر و ئەمەش بە مەترسیدار دەزانێت، چوونکە ژنە تەڵاقدراوەکان وەک بێوەژن دەمێننەوە و بێ بەش دەبن لە سۆزى ژن و مێردایەتى و بەشێکى زۆریان تەواو لە رووى دەرونیەوە تووشى دارمان دەبن.

سەروەر کەمال، توێژەرى کۆمەڵایەتى پێیوایە "پێشتر بەرپرسان و دەوڵەمەندەکان بە ژنهێنانى دووەم و تەڵاقدانى ژنى یەکەمیان ناودەبران، بەڵام ئێستا زۆر مەترسیدارە و توێژى رۆشنبیران پەرەیان بەو حاڵەتەداوە، بە برواى (سەروەر): هەرچۆنێک بێت لەو تەڵاقدانەدا زوڵم لە ژن دەکرێت، چوونکە لە کۆمەڵگەى ئێمەدا پیاوسالارییە و پیاوەکان بریاردەدەن و ژنەکان ملکەچکراون بە زۆر، هەر بۆیە ئەو پیاوانە دواى چەندین ساڵ ژیان لەگەڵ ژنێکدا، تەڵاقى دەدەن و بیانوى زۆر بێ مانا و لاواز دەهێننەوە و دەڵێن: لەیەک تێنەدەگەیشتین!

(سەروەر) سەرسورمانى خۆى لەو قسە نیشادەدات و دەڵێت: ئەگەر لەیەک تێنەدەگەیشتى بۆ زیاتر لە دە ساڵ لەگەڵى ژیاوى؟

رۆژنامەنوسێک کە نەیویست ناوى خۆى ئاشکرا بکات لەبەر رێزى هاوپیشەکانى، دەڵێت: من لەگەڵ ئەو هێرشە ئیعلامیانەدانیم، بەڵام ئەو سێ بەرێزە (رێبین هەردى و د.موسەننا ئەمین و ئەحمەد میرە) کە ئێستا رووبەروى رەخنەى گەنجان و چالاکوان و رۆژنامەنوسان بوونەتەوە، هۆکارەکەى ئەوەیە، ئەم سێ کەسەش لە رابردوودا، راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ لە راگەیاندنەکاندا هێرشیانکردۆتە سەر ژیانى تایبەتى کەسانى تر و بەتایبەت دەسەڵاتدارەکان و بەوە تۆمەتبارییان کردوون کە مافى ژن پێشێل دەکەن و زەواجى سیاسیاسیان کردووە و یان ژنى تریان هێناوە.

ئەوەى سەرنجى زۆرێک لە ژنانە ئەوەیە کە "ئەوانەى خۆیان بە لایەنگرى مافەکانى ژنان دەزانن، ئێستا تووندوتیژى بەرامبەر بە ژنان دەکەن و ژنى دووەم دەهێنن، یان لەگەڵ ژنەکانیان تووند و تیژ بوون"

هەرچەندە ئەوە ژنهێنان و تەڵاقدانى ژنى یەکەم بابەتێکى تایبەت بە خوودى خێزانەکان، بەڵام لە فەیسبووک ژنهێنانى دووەمى (رێبین ئەحمەد هەردى – نزیک لە نەوشیروان مستەفا و بزوتنەوەى گۆران، د.موسەننا ئەمین- ئەندامى سەرکردایەتى یەکگرتوى ئیسلامى، ئەحمەد میرەى خاوەن ئیمتیازى گۆڤارى لڤین) هەرایەکى زۆرى ئیعلامى بەدواى خۆیدا هێناوە و لەلایەن گەنجان و چالاکوانانەوە کۆمێنت و بابەتى رەخنە ئامێزیان لەسەر بڵاوکراوەتەوە.



تێبینى: لە گۆڤارى "کلیل" وەرگیراوە.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق