ئه‌لبومی وینه‌كان

الجمعة، 27 أبريل 2012

"هەڵەیەك بوو و چارەسەركرا"لە نەفتخانە پێشمەرگە سەربازی عێراقی چەك كرد


هەفتەی رابردوو هێزێكی سوپای عێراق لە سنووری هێزی پێشمەرگەدا ویستیان رەبیەك دابنێن، ئەوەش گرژی لێكەوتەوەو دواتر هێزێكی پێشمەرگە، دەستی بەسەر هەمەرێكی سوپای عێراقدا گرت و سەربازەكانیشی چەككرد. بەرپرسە ئەمنیەكان ئاماژە بۆ ئەوەدەكەن كێشەكە چارەسەركراوە، بەڵام ئایا هێنانەپێشەوەی هێزی سوپای عێراق دەستیپێكردووە؟
لە پێش مانگی ئابی 2008دا سوپای عێراق لە ناوچە كوردییەكانی دیالەدا بوونێكی ئەوتۆی نەبوو، بەڵام بەدەستپێكردنی هەڵمەتی (بشائر الخیر) سوپای عێراق بە گوشاری ئەمریكا لە ناوچەكە جێگیركرا، دوای چالاكی گرووپە توندڕەوەكان زیادیكرد، بەتایبەتی دژی دانیشتووانی كورد لەو ناوچەیە، بەوهۆیەشەوە سەدان ماڵی كورد ئاوارەبوون بەتایبەتی لە ناوچەكانی جەلەولا و سەعدیە، هەروەها گرفتی مەسەلەی سنووری هێزەكانی عێراق و هێزی پێشمەرگەشی هێنایەكایەوە، كە زیاتر لەجارێك بەهۆیەوە گرژی و ئاڵۆزی كەوتە نێوان ئەو دوو هێزەوە.
جەبار یاوەر، وتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە (رووداو)ی گوت "ئێمە 5 بازگەی پێشمەرگەمان لەو شوێنە هەیە، هێزێكی سوپای عێراقی ویستبووی لەسنووری ناوچەی ئێمە جێگیربێت‌، بەرپرسی لیوای 3ی هێزی پێشمەرگەی كوردستان چووبوو قسەی لەگەڵ كردبوون، كێشەكە كۆتایی هات".
جەبار یاوەر رووداوەكە بەمشێوەیە دەگێڕێتەوە "كاتێك هێزەكانی فەوجی 4ی سوپای عێراق جموجۆڵیان كردبوو، هێزی پێشمەرگەش كە زانیبووی ئەو جموجۆڵە لەوبەر هەیە، فەرماندەی لیوای 3ی هێزی پێشمەرگە پەیوەندی بە فەرماندەی فەوجی 4ی سوپای عێراقی كرد‌و پێكەوە دانیشتن، دواتر روونبووەوە كە سوپای عێراق ویستوویەتی بچێتە ناوچە سنوورییەكانی ئێران، بەڵام دوای كۆبوونەوەكە هێزەكانی سووپای عێراق چوونەتەوە شوێنی خۆیان".
ئەفسەرێكی لیوای 3 هێزی پێشمەرگەی كوردستان، كە لەنزیكەوە ئاگاداری رووداوەكە بووە، گوتی "ئێوارەی 17/4/2012 مەفرەزەیەكی سوپای عێراق لە رێگەی نەفتخانەوە سنووریان بەزاندبوو، دوای ئاگاداركردنەوەیان گەڕابوونەوە، بەڵام كە هەمەرێكی سوپای عێراق دووبارە گەڕانەوە هێزی پێشمەرگە رووبەڕوویان بوونەوە‌و تەواوی هێزە عێراقییەكەیان چەككرد و چەند سەربازێكیان گرت، دوای دانوستاندنێك سەربازە عێراقیەكانیان ئازادكرد".
نەفتخانە دەكەوێتە نزیك شاری خانەقین لە سنووری پارێزگای دیالە و، یەكێكە لە ناوچە كێشەلەسەرەكان ‌و لەدوای رووخاندنی رژێمی سەددامەوە لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە كۆنترۆڵ كراوەو، ژمارەی دانیشتووانی بە 160 هەزار كەس مەزەندە دەكرێت.
مەحمود سەنگاوی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیانی یەكێتی بە (رووداو)ی گوت "هاتنی ئەو هێزە بە ئەنقەست نەبووە، بەڵكو هەڵەیەك بووە روویداوە، ئەگینا رێككەوتن هەیە لەنێوان هێزی پێشمەرگەو سوپای عێراق، هەردوولاش پەیوەستین بەو رێككەوتنەوە"، سەنگاوی گوتیشی "دواتر داوای لێبووردنیان كردووە".

لە نەفتخانە پێشمەرگە سەربازی عێراقی چەك كرد
حەسەن جیهاد ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، گوتەكانی سەنگاوی پشتڕاستكردەوەو گوتی "كێشەكە زیاتر هەڵەیەك بووە"، حەسەن جیهاد رەتیكردەوە هاتنی ئەو هێزانە بە پلان بێت "ئەوان مەبەستی ئەوەیان نەبووە شەڕ دروستبێ، ناوچەكان هاوبەشن، هەندێكجار لەكاتی گۆڕینی فیرقەكاندا بەهەڵە دێن، یان لە ناشارەزاییەوە دێن، هەندێكجاریش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هێزەكان دەیانەوێ دەوروبەری خۆیان قایم بكەن". 
لەچەند ساڵی رابردوودا زیاتر لەرێككەوتنێك كراوە، لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگری عێراق، بەڵام كێشەی بەوشێوەیەش هەبووە. هەرچەندە لە ماوەی رابردوودا هێزەكان جارێكی دیكە دابەشكراونەتەوە، بەڵام تائێستا هێزی پێشمەرگە نەیانتوانیوە بە هانای دانیشتووانی كورد لە جەلەولاو سەعدییەوە بچن.
 حەسەن جیهاد گوتی "ئێمە رێككەوتنمان هەیە لەگەڵ حكومەتی عێراقدا، نە ئێمە بەبێ ئاگاداری ئەوان دەچین، نە ئەوان بەبێ ئاگاداری ئێمە دێنە ناوچەكانمان"، گوتیشی "هەرچەندە دووبارە هێزەكان دابەشكراونەتەوە، بەڵام تائێستا هێزی كوردی نەچووەتە ئەو ناوچانە".
لەماوەی رابردوودا باس لەوەدەكرا جۆرێك لە رێككەوتن هەبێ لەنێوان سوپای عێراق و گرووپە توندڕەوەكاندا لەو ناوچانەدا، ئەوەش بووە جێگەی ناڕەزایی دانیشتووانی ناوچەكە، بەڵام هەفتەی پێشوو چەند جارێك پێكدادان لەنێوان سوپای عێراق و ئەو گرووپانە روویدا. ئەندامەكەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری گوتی "دەتوانین بڵێین ئێستا ئەو هێزانە باشتر دەجوڵێنەوەو چەند هەڵمەتێكیان دەستپێكردووە". حەسەن جیهاد گوتیشی "سەردانی هێزەكانی سوپای عێراقمان كردووە، رەخنەمان لێگرتن كە لەو ناوچانە ئەركەكانیان بە باشی جێبەجێناكەن".
مەحموود سەنگاوی، دەڵێ ئێستا كێشە كەوتووەتە نێوان سوپای عێراق و ئەو گرووپانە "تیرۆرستەكان هەفتەیەكە چەندین جار رووبەڕوونەوەیان هەبووە لەگەڵ سوپای عێراق، حوسێن تاهیر عەلوانی بەرپرسی قاعیدەیان كووشت، هەروەها ئەمیری ناوچەی سلێمان بەگیشیشان كووشت، ئەوانیش كەمینیان بۆ سوپای عێراق داناوە".

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق