ئا: ئاسۆ سه‌راوی
له‌كاتی تۆماركردنی دوا به‌رنامه‌ی به‌راشكاوی كه‌ناڵیNRT له‌گه‌ڵن د. فه‌رهاد پیرباڵ له‌سه‌ر ناوهێنانی (دزی ئه‌ده‌بی) كێشه له‌نێوان پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌و د. فه‌رهاد پیرباڵ دروست ده‌بێت، به‌و هۆیه‌شه‌وه تۆماركردنه‌كه بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌وه‌ستێ، د. فرهاد له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت "دوای رێككه‌وتنێك له‌سه‌ر جاده، كۆتایی به‌رنامه‌كه‌مان تۆماركرد".
رۆژی شه‌مه‌ی رابردوو، به‌رنامه‌ی به‌راشكاوی له‌كه‌ناڵی NRT، دیدارێكی له‌گه‌ڵ د. فرهاد پیرباڵ ساز كردوه‌و شه‌وی یه‌كشه‌مه به‌رنامه‌كه وه‌ك پیرباڵ ده‌ڵێت "به‌كۆمه‌ڵێك كه‌موكوڕییه‌وه" په‌خشكرا. له‌كاتی تۆماركردنی به‌رنامه‌كه‌دا وه‌ك د. فه‌رهاد ده‌یگێڕێته‌وه به‌ئاسایی تێپه‌ڕیوه تا ئه‌و كاته‌ی پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌كه، رێبوار ئه‌وڕه‌حمان پرسیاری (دزی ئه‌ده‌بی) له د. فه‌رهاد پیرباڵ ده‌كات، به‌و پرسیاره‌ش گرژیی له‌نێوان میوان‌و پێشكه‌شكاره‌كه‌دا دروست ده‌بێت. د. فه‌رهاد ده‌ڵێت "ئه‌و منی به دزی ئه‌ده‌بی تۆمه‌تبار كرد، منیش به‌ڕاستگۆی باسی دوو نمونه‌م بۆ كرد كه سودم له دوو چیرۆكنوس وه‌رگرتوه، نه‌ك دزی. پێشموت مادام من به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كه‌یت، ده‌بێت به‌ڵگه‌م بده‌یتێ كه من دزی ئه‌ده‌بیم كردوه، به‌ڵام هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی نه‌بوو، به‌وه‌ش كێشه دروستبوو لهبهرنامهكهداو چومه ده‌ره‌وه".
پیرباڵ ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، كه له NRT پێیانراگهیاندوه، ئه‌گه‌ر كۆتایی به‌رنامه‌كه تۆمار نه‌كات، ئه‌وا به‌رنامه‌كه په‌خش ناكه‌ن "منیش وتم بێمهنت بن، پێشیان وتم نابێت باسیشی بكه‌یت، به‌ڵام به‌وه رازی نه‌بوم، چونكه ره‌نگه ئه‌وه بۆ به‌رپرسێكی یان كه‌سێكی تر ئاسایی بێت، به‌ڵام بۆ منێكی نوسه‌ر قورسه".
د. فرهاد ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه، كه سه‌ره‌تادا داوایان لێكردوه به دوو ئه‌ڵقه به‌رنامه‌ی له‌گه‌ڵ تۆمار بكه‌ن "منیش رازی بووم، به‌ڵام كه ئه‌و رهفتارهیانم بینی په‌شیمان بومه‌وه".
پیرباڵ هێمای به‌وه‌شدا دوای وه‌ستانی تۆماركردنی به‌رنامه‌كه، به‌هۆی ئه‌و كێشه‌یه‌وه، به‌هه‌وڵی چه‌ند گه‌نجێك، گه‌ڕاوه‌ته‌وه ناو ستۆدیۆ بۆ تۆماركردنی ته‌واوی به‌رنامه‌كه، ئه‌و وتی"له‌كاتی هاتنه ده‌ره‌وه‌م له‌سه‌ر جاده مفاوه‌زاتمان كرد له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێمه‌وه بۆ ناو ستۆدیۆ، به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌وه بسه‌لمێنێ كه من دزی ئه‌ده‌بیم نه‌كردوه، ئه‌وه‌بو له‌به‌رنامه‌كه‌دا ئه‌وه به‌ده‌ركه‌وت كه قسه‌ی ئه‌و راست نه‌بوه".
به‌وته‌ی پیرباڵ به‌شێكی زۆری به‌رنامه‌كه له‌كاتی په‌خشدا لێیبڕاوه، ئه‌و وتی "من له‌گه‌ڵ بڕینی ته‌نها یه‌ك قسه بووم كه نه‌ده‌بوو بیكه‌م به‌رامبه‌ر پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌كه، به‌ڵام ئه‌وان به‌شێكی زۆریان بڕیبوو".
سه‌باره‌ی ئه‌و گله‌ییانه له‌به‌رنامه‌كه، پیرباڵ په‌شیمان نییه له‌وه‌ی به‌شداری له‌به‌رنامه‌كه‌دا كردوه، هۆكاره‌كه‌شی وه‌ك خۆی وتی "كۆمه‌ڵێك حه‌قیقه‌تم بۆ روونبۆوه، له‌وانه بۆم ده‌ركه‌وت كه ئه‌و رۆژنامه‌نوسه بێلایه‌ن نییه له‌پێشكه‌شكردنی به‌رنامه‌كه‌یدا، ئه‌گه‌ر پێشوتر رۆژانه 3 ده‌قیقه ته‌ماشای ئه‌و كه‌ناڵه‌م بكردایه، ئێستا ئه‌و 3 ده‌قیقه‌ش سه‌یری ناكه‌م".
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و قسانه‌ی پیرباڵدا، پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌ی به‌ڕاشكاوی (رێبوار ئه‌وره‌حمان) جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كردوه كه ئه‌وان میوانه‌كه‌یان به "دزی ئه‌ده‌بی" تۆمه‌تبار نه‌كردوه‌و ئه‌و پرسیاره‌ش كه له‌و باره‌یه‌وه كراوه پاڵپشت بوه به وته‌كانی ئه‌و میوانه به‌رێزه خۆی كه پێشتر وتبوی "بڕوام به قۆپیو دزی ئه‌ده‌بی هه‌یه". سه‌باره‌ت به‌لابردنی به‌شێك لهقسهكانیشی له‌به‌رنامه‌كه‌دا، رێبوار وتی "ئه‌و قسانه‌ی كه لابراون، هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه ره‌چاوی لایه‌نی قانون‌و ئیتیكی رۆژنامه‌وانیمان كردوه، نه‌ك سانسۆركردنی ئازادی رۆژنامه‌وانی، چونكه هه‌ندێ قسه‌ی تێدابوو شایه‌نی په‌خشكردن نه‌بوو".
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق