ئه‌لبومی وینه‌كان

السبت، 22 سبتمبر 2012

قوتابییەكی كۆلێژی پزیشكی هەولێر بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر دەكرێت



ئێوارەی 3/9/2012 لە شەقامی پزیشكان لە هەولێر، گەنجێك بەناوی عەبدولقادر نەجمەدین، 27ساڵ، دەستگیركرا. ئاسایشی هەولێر دەڵێ، ئەو گەنجە لای ئەوانە و بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەستگیركراوەو دراوەتە دادگا
.
عەبدولقادر، كارمەندی كۆمپانییەكی هێنانی دەرمانەو لە شەقامی پزیشكانی هەولێر كاری دەكرد، ناوبراو قوتابی قۆناخی شەشەمی كۆلێژی پزیشكی هەولێرە.
عەمید عەبدولخالق تەلعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، بە (رووداو)ی راگەیاند "ئەو قوتابییە دەستگیركراوە، بەڵام نەڕفێندراوە، ئەو بەپێی یاسا دەستگیركراوە، لای ئاسایشە، نازانم لەسەرچی گیراوە، بەڵام ئەوەی دەڵێ رفێندراوە راست نییە، هەر كەسێك دەستگیربكرێت، بەپێی نووسراوی دادگا دەستگیردەكرێ و كەسوكاریشی دەزانن لە كوێیە و لەسەرچی دەستگیركراوە".
گرووپی 17ی شوبات لە ستۆكهۆڵم، لە روونكردنەوەیەكدا داوادەكەن، چارەنووسی ئەو خوێندكارە بە پەلە ئاشكرا بكرێت و بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ بكرێت "نەك بە رەفتاری ترس و تۆقان بن لەگەڵی، پاراستنی گیانی ئەو گەنجە لە ئەستۆی دەزگا ئەمنییەكانی هەولێرە" هەروەك ئەو گرووپە دەڵێت.
ئەو گرووپە هەروەها دەڵێن "بەپێی زانیارییەكان ئەو گەنجە لەلایەن شەش كەسەوە گیراوە، كە جلوبەرگی سەربازییان لەبەربووە لەگەڵ دوو كەسی مەدەنی و ئۆتۆمبیلێكی بێ ژمارەیان پێ بووە، لەگەڵ گرتنی، دەستیان بەسەر كەلوپەلی ناو كۆمپانیاكەشدا گرتووە".
سەرچاوەیەك لە راگەیاندنی ئاسایشی گشتی هەولێر بە (رووداو)ی راگەیاند، عەبدولقادر بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەستگیركراوە "ئێستا لای ئاسایشی گشتییە لە هەولێر، هەموو ریكارێكی یاسایی گیراوەتە بەرو بە ئاگاداری خۆی و خێزانی ئاگاداری دەستگیركردنی ئەون، شێوەی گرتنەكەی لەڕووی یاساییەوە هیچ كێشەی نییە، پاشان دەدرێتە دادگا".
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی "ئێمە هیچ كەس بەبێ نووسراوی دادگا دەستگیرناكەین، بۆیە لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ ئەو راگەیاندنانە دەكەین كە وشەی رفاندنیان بۆ گیرانی ئەو گەنجە بەكارهێنا".
هاژە سلێمان، ئەندامی لێژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان بە (رووداو)ی گوت، ئەوان ئاگاداری گیرانی عەبدولقادر نین و زانیاریان لەسەر نییە، بەڵام "بۆ گیرانی ئەو 13 كەسەی پێشتر، كە چەند تۆمەتێك درابووە پاڵیان، وەك لێژنەی مافی مرۆڤ، ناڕازیبووین لەشێوەی گرتنیان، كە شێوازی گرتنەكە نابێ بەوشێوەیە بێت، دەبێ خەڵك لە رێگەی فەرمانی دادگاوە بگیرێت و فەرمانەكەش پێشانی كەسەكە بدرێت، ئینجا دەستگیربكرێت"

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق