ئه‌لبومی وینه‌كان

الاثنين، 14 مايو 2012

ئەگەر شیعە بە جەعفەری رازیبن كورد دژی نابێت

لەكاتێكدا لایەنە سیاسییە عێراقییەكان چاوەڕێی رۆژی 17ی مانگ دەكەن وەك دوایین وادەی ئەو مۆڵەتە 15رۆژیەی لە كۆبوونەوە پێنج قۆڵییەكەی هەولێردا درایە سەرۆك وەزیرانی عێراق، د.فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی كار لەگەڵ مالیكی ناكرێ و دەبێ لابدرێ.
 لەبارەی جێگرەوەی مالیكیش كە هەندێ ئاماژە وا پێشاندەدەن ئیبراهیم جەعفەری بێت،
فوئاد حوسێن گوتی "لەكۆتاییدا هاوپەیمانی نیشتمانی خۆی بڕیار دەدات كێ بێت. ئەگەر بە ئیبراهیم جەعفەری رازیبن، باوەڕناكەم كورد دژی بێ".
هەر لەو چوارچێوەیەدا د.محەممەد ئیحسان، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بە (رووداو)ی راگەیاند كە كە "هاوپەیمانی نیشتمانی بێ ئومێدبوونە لە چاكسازی و بەدوای ئەلتەرناتیڤدا دەگەڕێن".
هەموو ئاماژەكان وا پێشاندەدەن كە چانسی مانەوەی نوری مالیكی لە پۆستەكەیدا لاوازە. فوئاد حوسێن لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو)دا گوتی ئەو نامەیەی لە كۆبوونەوە پێنج قۆڵییەكەی هەولێر لە 28ی نیساندا ئیمزاكرا و لەلایەن نوێنەرێكی موقتەدا سەدرەوە درایە مالیكی پەیامێك بوو بۆئەوەی "مالیكی یان دەبێ سیاسەتی خۆی بگۆڕێ یان خۆی دەگۆڕدرێ. هەردوو هەنگاویش لەچوارچێوەی یاری دیموكراتیدا دەهاوێژرێن. بەڵام كاردانەوەی مالیكی، بۆ ئەو نامەیەی بۆی چوو زۆر تووندبوو، دیارە قبوڵی ناكات، كە قبوڵی نەكات مانای وایە ئەو شتانەی لەو نامەیەدا نووسراون پێویستە جێبەجێبكرێن"، گوتیشی ئەوە پێویستی بە كۆبوونەوەیەكی تازە، لەوبارەشەوە پەیوەندی لەنێوان سەركردە عێراقی و كوردستانییەكاندا بەردەوامن.
فوئاد حوسێن لەبارەی ئەوەی كە ئایا سەرۆكی هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی چیتر كار لەگەڵ مالیكی ناكرێ، گوتی "بە بۆچوونی من سەرۆكی هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە ئەو قەناعەتە". هەروەها گوتیشی تاڵەبانی جیاواز نییە لە هەڵوێستەكانیدا لەوبارەوە لەگەڵ بارزانی و كۆبوونەوە پێنج قۆڵییەكەش لە مەكتەبی سیاسی بەسەرپەرشتی تاڵەبانی بەڕێوەچوو. هەروەها گوتیشی یەكێك لە ئامانجەكانی لە هاتنی بۆ كەركووك ئەوەبوو " دەیویست كێشەیەك دروستبكات لەنێوان یەكێتی و پارتیدا"، چونكە "مالیكی پێیوابوو وەزیرەكانی یەكێتی دەچنە كۆبوونەوەكەو پارتییەكان ناچن، بەڵام نە وەزیری پارتی و نە یەكێتی و نە وەزیری یەكگرتووش بەشدار نەبوون".
هەر لەوبارەوە، فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، سەبارەت بە بوونی ناكۆكی نێوان یەكێتی و پارتی گوتی "دەبێ دان بەوەدابنێین، كە جیاوازیەكی زۆر لە تێڕوانینی پارتی و یەكێتیدا هەبوو، بەڵام لەم رۆژانەی كۆتاییدا بۆچوونی هەردوولا نزیكبووەتەوە لەیەكتر، چونكە لەو هەلومەرجەدا ناكرێ هەریەكیان تێڕوانینێكی جیاوازی هەبێ"

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق