ئه‌لبومی وینه‌كان

السبت، 12 مايو 2012

هەرێمی کوردستان بۆ ئێران: ئیسرائیلی لێرە نین

ئەمڕۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە توندی تۆمەتەکانی هەندێ‌ لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران رەتکردەوە لە بارەی بوونی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستاندا.  
دوای ئەوەی عوزێم حوسێنی، کونسوڵی ئێران لە هەولێر رایگەیاندبوو زانیارییان هەیە ئیسرائیلییەکان لە هەرێمی کوردستاندا هەن و لە دژی کۆماری ئیسلامی کاردەکەن. ئەمڕۆ  له بەیاننامەکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە توندی ئەو تۆمەتانەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران رەتکردەوە لە بارەی بوونی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستاندا. ئەمە دەقی بەیاننامەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە وێنەیەکی گەیشتووەتە (رووداو):
ماوەیەکە ژمارەیەک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران لێدوانی جۆراوجۆرو بێ‌ بنەما دەدەن سەبارەت بەوەی کە گوایە هەرێمی کوردستان بۆتە بنکەی مەشق پێکردن و شوێنی چالاکی سیخوڕەکانی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل . 
بێگومان ئەوە جاری یەکەم نییە کە هەندێ‌ لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بێ‌ هیچ بەڵگەو هۆکارێک ئەم جۆرە لێدوانە بێ‌ بنەمایانە بڵاودەکەنەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێ‌ چیتر لەبەرامبەر بەردەوام بوونی ئەو تۆمەتانە بێ‌ دەنگ بێت، بۆیە لێرەدا بۆ ڕای گشتی دووپاتی دەکەینەوە کە مەسەلەی بوونی بنکەو بارەگای ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان دوورە لە راستی و تەواوی ئەو تۆمەتانە بە توندی رەت دەکەینەوە. 
هەرچەندە دڵنیاین کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران خۆشیان ئەو راستیە باش دەزانن کە هەموو ئەو لێدوانانە دوورن لە راستی، چونکە لە کۆبوونەوەی بەرپرسە باڵاکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران ئێمە داوای پێشکەش کردنی بەڵگەمان کردووە بەڵام ئەوان تاکو ئێستا نەیانتوانیوە بەڵگە پێشکەش بکەن و راستی قسەکانیان بسەلمینن. 
هەرێمی کوردستان پابەندە بە یاسا نێودەوڵەتی و بنەما دیپلۆماسیەکان، ئێمە دەمانەوێت پەیوەندیەکانمان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و رێزگرتنی دوولایەنە بێت. 
هەر لەم روانگەوە هەرێمی کوردستان خاوەن سیاسەتێکی دروستە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیەکانی لەگەڵ وڵاتانی درواسێ‌ و رێز لە یاسا نێودەوڵەتیەکان دەگرێت و رازی نابێت خاکی هەرێمی کوردستان بۆ دژایەتی کردنی وڵاتانی دراوسێ‌ بەکار بێت، هاوکات ناخوازین هیچ لایەک دەست بخاتە نێو کاروباری لایەکەی تر. 
بێگومان ئەم جۆرە لێدوانانە هیچ خزمەتێک بە پەیوەندیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێرانی دراوسێ‌ ناکات. هاوکات هەوڵێکە بۆ تێوەگلانی هەرێمی کوردستان لە ململانێی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیسرائیل، کە ئێمە بە هیچ جۆرێک ناخوازین ببینە بەشێک لە ململانێی لەم جۆرە. 
بۆ دەرخستنی راستیەکان داوا لە وەزارەتی دەرەوەی عێراقی فیدڕاڵ دەکەین کە داوای بەڵگە لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران بکەن تاوەکو راستیەکان بۆ هەمووان ئاشکرابێت و چیتر ئەم جۆرە تۆمەتە بێ‌ بنەمایانە لەسەر زاری هەندێ‌ لە بەرپرسانی ئێران بڵاونەکرێنەوە. 
هیوا خوازین بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک چۆن لە دیدارو کۆبوونەوە فەرمیەکان نیازی خۆیان بۆ پەیوەندی پتەو لەگەڵ هەرێمی کوردستان و تەواوی عیراق دووپات دەکەنەوە، ئاوا رێز لە پرەنسیپەکانی پەیوەست بە پەیوەندی دیپلۆماسی بگرن و رێگە لە لێدوانی بێ‌ بنەما بگرن، چونکە کاتی ئەوە هاتووە سنوورێک بۆ ئەم جۆرە لێدوانە بێ‌ بنەماو دوور لە راستیانە دابنێن. 
حکومەتی هەرێمی کوردستان 

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق