ئه‌لبومی وینه‌كان

الاثنين، 9 أبريل 2012

لەناو یەكێتی كێشەم بۆ دروستبكرێ هەڵوێستم دەبێ و سكاڵا دەكەم

عیماد ئەحمەد، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە لە بەڕێوەبردنی كارەكانیدا ئەگەر هاوكاری نەكرێ هەڵوێستی دەبێ و لەلای مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی سكاڵا دەكات. لەبارەی لێپێچینەوە لە گەندەڵیش گوتی "بەدڵنیاییەوە، ئەمجارە نە یەكێتی و نە پارتی و نە كابینەكە ناكەینە قوربانی هیچ كەسێك".

لەیەكەمین هەڤپەیڤیندا پاش سوێندخواردنی لەبەردەم پەرلەمانی كوردستان، عیماد ئەحمەد بۆ (رووداو) گوتی كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت دەبێ لە سلێمانی و گەرمیان نەك ئەو، هەروەها ئەویش لە هەولێر و دهۆكیش جێگری سەرۆكی حكومەت دەبێ.

لەبارەی ئەگەری رێگری دروستكردنی حیزبیش بۆ كارەكانیان گوتی "دەبێ هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی هاوكاری ئێمە بن، قسەی خۆمان لەگەڵ ئەوان كردووە كە چۆن داوای هاوكاری لە لایەنەكانی دیكە دەكەین. نابێ حیزبەكانی خۆمان كە زۆرینەن و ئێمەیان دەستنیشانكردووە هاوكاری ئێمە نەبن". هەر لە درێژەی ئەو قسانەدا گوتی "پێویستە لەسەر ئەم دوو حیزبە هاوكاری راستەقینەمان بن و ئەگەر كاری خراپمان كرد ئەم دوو حیزبە موكەلەفن و ئەركی سەرشانیانە موحاسەبەمان بكەن و لەو پۆستەمان لابەرن".

عیماد ئەحمەد گوتیشی كە ئەگەر رێگری دروستكرا قبوڵی ناكات. لەوبارەوە گوتی "ئەگەر حیزبەكەی خۆم پشتیوانی لەكابینەكەمان نەكات و هاوكاری و هەماهەنگی نەكات من چاوەڕوانی چیبكەم لە لایەنەكانی دیكە".

هەروەها گوتی "ئەگەر هاوكاریم نەكەن ئەوكاتە هەڵوێستم دەبێ و لە مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی سكاڵای خۆم دەكەم". گوتیشی ئەگەر بە ناحەقی دژایەتی بكرێت "قبوڵی ناكەم و لە دژیان دەوەستم". بەڵام گوتیشی هەوڵدەدات پەیوەندییەكی تەندروستی لەگەڵ حیزبەكەی هەبێ، ببێتە هۆی زیادكردنی دەنگدەر بۆ یەكێتی بەهۆی كارەكانی، نەك كەمكردنیان.

بەڵام دانی بەوەش دانا كە لە دانانی وەزیرەكانی یەكێتیدا مەكتەبی سیاسی بڕیاردەر بووە. لەوبارەوە گوتی كە ئەوە بە "رای مەكتەبی سیاسی بووەو بە راوێژ لەگەڵ مەكتەبی رێكخستن و پەرلەمانتارانی یەكێتی بووە". گوتیشی "كۆمەڵە ناوێكیان دابووە كاك نێچیرڤان و من، لەو ناوانە هەندێ ناومان هەڵبژارد و خستمانە بەردەست مەكتەبی سیاسی، ئەوانیش زۆربەی هەرەزۆریان دەستنیشانكرد، واتە بەڕای كاك نێچیرڤان و من لەگەڵ مەكتەبی سیاسی بوو، بەڵام مەكتەبی سیاسی بڕیاردەر بوو".

سەبارەت بە دانانی جێگری وەزیرەكانیش لەو حكومەتەدا، كە لە كابینەی پێنجەم و شەشەم دا، حكومەت جێگر وەزیری نەبووە، عیماد ئەحمەد گوتی " كاك نێچیرڤان بەمنی گوتووە دەتوانی لەهەر شوێنێك جێگری وەزیری موستەحەق دابنێی". هەروەها گوتیشی، ئەوان درێژەپێدەری كابینەی شەشەمن، بەڵام " ئەم حكومەتە شەفافتر دەبێ لە ئەنجامدانی كارەكانی و پەیوەندی باشترمان لەگەڵ پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و دەزگاكانی دیكە دەبێ، پێمانخۆشە پەیوەندییەكی تەندروست لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن ببەستین".

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق