ئه‌لبومی وینه‌كان

الاثنين، 17 سبتمبر 2012

لەباخچەی ئاژەڵانی سلێمانی بەچكە شێرێك‌و 4 تیمساح‌و 15 نەعامە مردون

بەپێی بەدواداچوونێك كە رێكخراوی سروشتی عێراق بۆ باخچەی ئاژەڵانی سەیرانگای نەورۆزیان كردوە بۆیان دەركەتووە ئاژەڵانی ئەو باخچەیە لەڕووی هەناسەدان‌و نەبوونی خۆراكی پێویست‌و نەخۆشی ئێسكەوە
لەبارێكی خراپدان‌و رێكخاروەكە دەریخستووە چارەسەری هەندێك لەو ئاژەڵانە گرانەو هەندێكی تریان پێویستیان بەنەشتەرگەرییە.

باخچەی ئاژەڵانی سلێمانی كە 19 ساڵا لەمەوبەر كراوەتەوە، بەپێی قسەی خاوەنەكەی سەرەتا چەند ئاژەڵێكی بچووكی تێدا بووەو وردە وردە ئاژەڵی گرانبەهای بۆ هێنراوە.
بەشێكی زۆری ئەو هاوڵاتیانەی سەردانی باخچەی ئاژەڵانی سلێمانی دەكەن لەناو سەیرانگای نەورۆزی سەرچنار، گلەییان لەوە هەیە كە شوێنی ئاژەڵەكان گونجاو نییەو مەرجەكانی تەندروستی لەبەرچاو نەگیراوە، ئەمەش لەزاری پسپۆڕانی ئاژەڵناسییەوە جەختی لێدەكرێتەوە.
ئێستا لەناو ئەو باخچەیە شێرو چەقەڵ‌و كەمتیار‌و رێوی‌و پشیلەی كێوی‌و گورگ‌و مەیمون‌و سەگ‌و بالندە گۆشتخۆرەكان‌و كەروێشك‌و چەند ئاژەڵێكی تر بەدی دەكرێن، سەرجەمی ئەم ئاژەڵانە لەبەشێكی سەیرانگاكەو لەناو چەند قەفەسێكی بچووكدا جێیان كراوەتەوە.
بەرپرسی رێكخراوی ژینگە پارێزی كوردستان رایدەگەیەنێت رێكخراوەكەیان بەهاوكاری پزیشكی ڤێتەرنەری سەردانی ئەوباخچەیان كردوە‌و سەرپەرشتیارانی ئەو سەیرانگایەیان لەمەترسی لەناوچونی ئەو گیاندارانە كردۆتەوە.
ئومێد رەزا بەرپرسی رێكخراوی ژینگە پارێزی كوردستان بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوە كرد كەشوێنی باخچەی ئاژەلانی  سەیرانگای نەورۆز شیاو نیە‌و ئەوەش وای كردوە ئەو ئاژەلانە دوچاری چەندین نەخۆشی ببن.
ئومێد رەزا دەڵێت “رێكخراوەكەمان چەند جارێك بەڕێوەبەری سەیرانگاكەمان لەنەبوونی خزمەتگوزاری ئەو باخچەیە ئاگادار كردۆتەوە، بەڵام  ئەو بەڵێنی چاك كردنی داوەو تائێستاش وەكو خۆیەتی”.
بەپێی لێكۆڵینەوەكەی رێكخراوی سروشتی عێراقی كە كۆپیەكی راپۆرتەكەیان دەست هاوڵاتی كەوتووە  یەكێك لەو گرفتانەی كە ئاژەڵی ئەم باخچەیە بەدەستیەوە دەناڵێنن كەمبوونەوەی چالاكی ڕژێنی دەرەقییە، ئەوەشیان بۆ ساغ بۆتەوە كە كەمی بڕی خۆراكی پێویست لە ئاژەڵەكاندا هۆكاری ئەو حاڵەتەیەو ئەم نەخۆشییە بە تەنها لەو ئاژەڵانەدا دروست دەبێت كە هێشتا لە قۆناغی گەشەكردندان.
ئومێد رەزا كە لەنزیكەوە ئاگاداری راپۆرتەكەی رێكخراوی سروشتی عێراقیە ئاماژە بەوە دەكات ئەو ئاژەڵانەی لەو باخچانەدا بەخێودەكرێن ئەگەر خۆراكەكەیان كالسیۆمی كەم بێت‌و فۆسفۆری زۆر بێت، ئەوا ئەم بڕە فۆسفۆرە دەبێتە هۆی ڕێگرتن لە مژینی كالسیۆم لەلایەن ڕیخۆڵەوە و لە ئەنجامدا لەشی ئاژەڵەكە هەموو ئەو بڕە كالسیۆمە بەكاردەهێنێت كە بە سەربەستی دەمێنێتەوە لە لەشداو، دەبێتە هۆی چەمانەوەی ئێسكی ئاژەڵەكەو ئەم جۆرە نەخۆشیەش چارەسەر ناكرێت.
بەقسەی ئومێد هۆكارێكی تری دروست بوونی ئەم نەخۆشیە بریتیە لەوەی ئاژەڵەكان وەك پێویست تیشكی خۆریان پێناگات‌و دەڵێت “پێویستە لەشوێنی ئاژەڵەكاندا تیشكی سەروو وەنەوشەیی دەستكرد هەبێت تاكو جێگەی ئەو تیشكە خۆرە بگرێتەوە كە ئاژەڵەكان لێی بێ بەشن”.
ئومێد رەزا بەهاوڵاتی وت “ئەوەی ئێمە تێبنیمان كرد لەو ماوە كەمەی لەباخچەكەدا بوین سووڕانەوەی بەردەوامی گورگەكە بوو، ئەگەرچی لەدانەیەك زیارتری لێ‌ بوو، بەڵام هەر ئەو دانەیەیان بەدەوری قەفەسەكەیداو دەسوڕایەوە، ئەوەش بەپێی زیانیاریە پزیشكیەكان هۆكارەكەی بۆڕووشانی بنی پێیەكانی‌و بوونی برین لە پەلەكانیداو توشبوونی بە جۆرەها بەكتریاو ڤایرۆس، كە وادەكات تەمەنی كەمبێتەوە”.‌
بەپێی رێنمایە پزیشكیەكان باڵندە گۆشت خۆرەكان پێویستە رێجیمێكی خۆراكیی توندیان بۆ دابنرێت، چونكە ئەم باڵندانە بەوە ناسراون كە هەموو خۆراكێك دەخۆن كە بۆیان دادەنرێت، بێ گوێدانە برسێتی یان پێویستی لەش، بەقسەی ئومێد “ئەمەش زیانی زۆر بە باڵندەكە دەگەیەنێت، چونكە ئەو باڵندانەی كە ڕاگیر دەكرێن توانای جووڵەی زۆریان نییە تا هەموو خۆراكەكە بە باشی هەرس بكەن و بیكەن بە‌ وزە”.
بەرپرسی رێكخراوی ژینگە پارێزی كوردستان ئەوەشی رونكردەوە پێویستە درەخت بۆ شوێنی ئاژەڵەكان دابین بكرێت “لەبەر ئەوەی وەستانی باڵندەكان بۆ ماوەیەكی درێژ دەبێتە هۆی ئاوسانی ژێر پێیان و لەئەنجامدا هەوكردنی ئێسك”.
بەوتەی خاوەنی سەیرانگاكە ئەوان كەسی شارەزا پسپۆڕی نییە تا خزمەتی ئەو گیانلەبەرانە بكات‌و كەسیشی دەست ناكەوێت شارەزایی هەبێت، بۆیە ئەو كێشانەی بۆ دروست بووە.
نەورۆز خەفاف خاوەنی سەیرانگای نەورۆو بەهاولاتی وت “جگە لەوەی كەسی شارەزا‌و پسپۆیمان نییە لەبەخێوكردنی گیانلەبەرەكان‌و شوێنەكەشیان بچوكە هاولاتیانیش نازانن مامەڵە لەگەڵ گیانلەبەرەكاندا بكەن‌و ئازاریان دەدەن‌و خواردتی جۆراوجۆریان پێدەدەن، ئەوەش كاریگەری خراپی هەیە لەسەرگیانلەبەرەكان”
بەوتەی خاوەنی سەیرانگاكە ئەو مەسرەفەی لەگیانلەبەرەكان دەیكات هەرگیز ئەوەی دەست ناكەوێتەوە‌و چونكە خواردنەكاینان گرانەو رۆژانەشە، ئەمە جگە لەوەی لەلایەن فەرمانگەی ڤێتەرنەرییەوە هاوكاری ناكرێن.
د. ئاری بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری سلێمانی بەهاولاتی راگەیاند ئەوان وەك دەواجینەكان‌و ئاژەڵی جوتیاران مامەڵە لەگەڵا باخچەی ئاژەڵانی سەیرانگای نەورۆز دەكەن، هەتا خۆیان داوای یارمەتی نەكەن‌و ئەوان پزیشك‌و دەرمانیان بۆ نانێرن.
وتیشی “ئێمە لیژنەمان هەیە سەردانیان دەكەین‌و چۆنیەتی پێدانی دەرمان‌و خواردەمەنیشمان پێ وتوون”.
ژمارەی گیانلەبەرەكانی ئەو باخچەیە نزیكەی 80 دانە دەبێت، بەشێكی زۆریان لە سوریا‌و ئێران‌و ئەفریقاوە هاتوونەتە كوردستان‌و خاوەنەكەی كڕیونی.
خاوەنی سەیرانگای نەورۆز ئاشكرای دەكات كە تاكو ئێستا بەچكە شێرێك‌و 4 تیمساح‌و 15 نەعامەی مردون، بەشكێشیان نەخۆش بوون ئێستا چاك بوونەتەوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست هاوڵاتی كەوتوون بڕیارە لەپاركی هەواری شاری سلێمانی لەسەر زەویەكی (80) دۆنم باخچەیەكی نوێی ئاژەڵان بكرێتەوە، هەرچەند بەپێی ستاندارە جیهانیەكان دەبێـ كەمترین رووبەری باخچەی ئاژەڵان (150) دۆنم بێت.
بەرپرسی رێكخراوی ژینگە پارێزی كوردستان باسی لەوە كرد كە یاداشتێكیان داوەتە پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەوەی شەڵتەرێك بكرێتەوە بۆ گیانلەبەران كەتێدا كڕین‌و فرۆشتن‌و چارەسەركردن‌و سەرجەم گیانلەبەران لەخۆ بگرێت، لەم رووەوە وتی “یاداشتەكە لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەو تاكو ئێستا وەڵام نەدراوینەتەوە”.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق