ئه‌لبومی وینه‌كان

الاثنين، 16 يوليو 2012

وەڵامێك بۆ (مایكڵ رۆبن) و ئەوانەی لە پشتیەوەن

كاروان محەممەد سابیر
ئەم زانیاریانە لە كاتێكدا دەخەینە روو، كە (مایكڵ رۆبن) گوتبووی: بودجەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان (20 بیست) جار لە بودجەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریكا زیاترە، هەڵبەتە هەندێك میدیای “ئەوەی پێی دەڵێن ئەهلی” و میدیای ئۆپۆزیسیۆن زۆر سادە بوون و هەر زوو ئەو درۆ شاخدارەی مایكڵیان كرد بە مانشێت و قسەی سەر زاریان
.
بوودجەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان نزیكەی (300) سێ سەد ملیۆن دۆلار دەبێت و رێژەیەكی زۆری ئەم بوودجەش بۆ موچەی كارمەندانی (ئاژانسی پاراستن و زانیاری، دەزگای ئاسایش، هەواڵگری سەربازی)ە، ئەوە چەندەمین جارە (مایكڵ رۆبن) ئۆپۆزیسیۆن بە ساویلكە دەزانێت و دەیانخاتە ئەو هەڵەیەوە، كە نەدەبوو وا بووایه‌.
ئەم زانیارییانەی لای خوارەوەتان بۆ دەخەینە روو و ئێوەش بەراوردی بكەن و رای خۆتانی لەسەر بدەن، بۆ ئەوەی چیدیكە (مایكڵ رۆبن) گیرفان بەم درۆیانە پڕ نەكات و ئەو كەس و لایەنانەشی پاڵپشتی دەكەن كە “دەزانین كێن” ئەوەندە بە ئاسانی خۆیان بۆ (مایكڵ) بەدەستەوە نەدەن و میللەت و وڵاتەكەی خۆشیان بۆ كابرایەكی بێگانە هەڕاج نەكەن.
بودجەی ئاسایشی ئەمەریكا
بودجەی 2012ی ئەمەریكا بریتییە لە 3.7 تریلیۆن دۆلار كە لە لایەن كۆنگرێسی ئەمەریكاوە پەسەند كراوە و لەو بڕەدا 58.8 ملیار دۆلار بۆ وەزارەتی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریكا تەرخان كراوە، 683 ملیار بۆ وەزارەتی بەرگری. كۆی گشتی تەرخانكراو بۆ بەرگری نیشتیمانی 716.3 ملیار دۆلارە.
لە ئەمەریكا 16 دەزگای ئاژانسی هەواڵگری هەیە كە لەژێر چەتری (كۆمەڵەی هەواڵگری ویلایەتە یەكگرتووەكان)ن و دابەشكراون بەسەر بودجەی دوو بەشدا كە بریتین لە پرۆگرامی هەواڵگری نیشتیمانی (NIP) و پرۆگرامی هەواڵگری سەربازی (MIP). هەریەك لە (CIA) و (FBI) و (INR) و (NSA) و ژمارەیەكی دیكە سەر بە NIPن.
هەرچی هەواڵگری سەربازی سوپا ناسراو بە (MI) و دەزگاكانی دیكە وەكو (AF ISR) و (MCIA) و ئەوانی دیكەش سەر بە MPIن. ئەم دوو پرۆگرامە بە هەواڵگری مەدەنی و سەربازیش ناسراون.
لە ساڵی 2010ەدا، بودجەی NIP 53.1 ملیار و بودجەی MIPیش 27 ملیار دۆلار بوو كە كۆی گشتی هەر هەموویان گەیشتە 80.1 ملیار دۆلار.
بە گوێرەی راپۆرتێكی ''هافینگتن پۆست''، ئاژانسە هەواڵگرییە نهێنییەكانی ئەمەریكا لە ساڵی 2011، 54.6 ملیار دۆلاریان بۆ ئۆپەراسیۆنی هەواڵگری نهێنی خەرج كردووە. كۆنگرێس لە 2010 بڕی 53.1 ملیار دۆلاری تەرخان كردبوو بۆ ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییە نهێنییەكان.
هەرچی ئیدارەی ئۆبامایە، داوای 55 ملیار دۆلاریان بۆ هەواڵگری مەدەنی لە بودجەی 2012 كردبوو.
لە دوای هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەرەوە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا 7.6 تریلیۆن دۆلاری لە ئاسایشی بەرگری و ناوخۆدا خەرج كردووە.
راپۆرتێكی دیكەش هەیە كە گوایە بودجەی گشتیی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریكا دەگات بە 1.2 تریلیۆن دۆلار لە ساڵێكدا. بۆ ساڵی 2012، كۆشكی سپی داوای 558 ملیار دۆلاری بۆ بودجەی پەنتاگۆن كرد، ئەمە جگە لە 118 ملیار دۆلاری دیكە بۆ شەڕەكانی ئێراق و ئەفغانستان. هەروەها، 71.6 ملیار دۆلاری دیكە بۆ ئاسایشی نیشتمانی داوا كردبوو.
وەزارەتی ئاسایشی نیشتیمانی
ناكۆكییەك هەیە سەبارەت بەو خەرجییانەی لە ئاسایشی نیشتمانی دەكرێت، چونكە ئاسایشی نیشتمانی لە لایەن ده‌یان ئاژانسی فیدراڵییەوە رادەگیردرێت و هەمووشی لە لایەن چەند وەزارەتێكەوە بودجەیان بۆ تەرخان دەكرێت نەك تەنها لە لایەن وەزارەتی ئاسایشی نیشتمان یان وەزارەتی بەرگرییەوە.
بۆ نموونە، لە پرۆژە یاسای 2012 ی بودجەی ئەمەریكا، ئیدارەی كۆشكی سپی داوای 71.6 ملیار دۆلاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی كرد كە تەنها 37 ملیاریان لە رێی وەزارەتی ئاسایشی نیشتیمانییەوە بوو، بڕی 18.1 ملیار دۆلار لە كۆی 688 ملیارەكەی لە لایەن وەزارەتی بەرگری خۆی تەرخان دەكرێت بۆ ئاسایشی نیشتیمانی، جگە لە تەرخانكردنەكانی وەزارەتەكانی داد و تەندروستی و خزمەتی مرۆیی. چەندین جۆری دیكە خەرجی هەیە، بۆ نموونە خەرجی چالاكیی چەكە ناوەكییەكان كە لە لایەن وەزارەتی وزەوە سەرپەرشتی دەكرێت و پارەی بۆ دابین دەكرێت و بڕی 11 ملیار دۆلاریش بۆ ئیدارەی ئاسایشی نیشتمانی ئەتۆمی تەرخان كراوە.
هەرچی بۆ ساڵی 2013ەیە، وەزارەتی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریكا بە تەنها داوای 55.5 ملیار دۆلاری كردووە. هەروەها وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی داوای 769 ملیۆن دۆلاری كردووە بۆ ئاسایشی سایبەر. وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریكا بەرپرسیارە لە ئاسایش و ئیدارەی سنوورەكان، جێبەجێكردنی یاسای كۆچ، ئاسایشی سایبەر، ئاسایش و بە دەنگەوە هاتنی حاڵەتی ناكاو، پشتیوانی ئاسایش و ئابووری نیشتیمانی.
خاڵێكی دیكەی سەرنجراكێش بریتییە لەو خەرجییە زۆرەی لە پاراستنی نهێنییەكان دەكرێت، كە بۆ ساڵی 2011 خۆی دا لە زیاتر لە 11 ملیار دۆلار. ئەم خەرجیانە بریتین لە لێكۆڵینەوە لەو كەسانەی داوای ئەستۆپاكی ئاسایش دەكەن، كەلوپەلی تەیبتی كۆمپیوتەر گێر، راهێنانی كارمەندانی تایبەتی حكوومەت و مووچەی ئەو كەسانەی ئەو دۆكیومێنتانە دەخوێننەوە و دەیكەن بە نهێنی یا غەیرە نهێنی.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق