ئه‌لبومی وینه‌كان

الأحد، 13 مايو 2012

ساڵیادی شەهیدبونی لەیلا قاسم




لەیلا قاسم، کچە تێکۆشەری کورد، ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی بامیلی سەر بە شاری خانەقین لە خێزانێکی ھەژار و نیشتمانپەروەری کورد لەدایکبووە. قاسم حەسەنی باوکی لەیلا، کرێکاری کۆمپانیای پاڵاوگەی نەوتی ئەلوەند بوو.

ساڵی ١٩٧٠ لە ڕێگای سەلام قاسمی برا گەورەکەیەوە پێوەندی بە بزاڤی سیاسیی نەتەوەکەیەوە کردووە و لەنێو ڕیزەکانی 'یەکێتیی قوتابیانی کوردستان' خەبات و تێکۆشانی بەڕێوەبردووە. لەیلا قاسم لەنێو قوتابییە کوردەکانی زانکۆی بەغدا ڕۆڵێکی کاریگەری ھەبووە لە وشیارکردنەوە و ڕێکخستنیان

لە ڕۆژی ١٩٧٤/٠٤/٢٨دا لەیلا قاسم و چوار لە ھاوڕێکانی (جەواد ھەمەوەندی، نەریمان فوئاد مەستی، حەسەن حەمەڕەشید و ئازاد سلێمان میران) لە ئەنجامی ھەڵمەتێکی بەرفراوانی ھێزەکانی ئاسایش و سەربازی ڕێژیم لە بەغدا دەستگیرکران. ڕۆژنامەی الصورەی زمانحاڵی ڕێژیمی بەعسی دەسەڵاتدار و ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی نێوخۆیی عێراق، لەیلا قاسم و ھاوڕێکانی وەک تێکدەر و گێڕەشێوێن و تیرۆریست بەناو کرد، بەڵام لەگەڵ ھەموو ئازار و ئەشکەنجەیەکیشیان بچووکترین کردەوەشیان لەسەر ئاشکرا نەبوو.

ڕێژیمی بەعس بە مەبەستی چاوترساندنی لاوان و قوتابیان و چینی ڕۆشنبیری کورد یەکسەر دوای دەستگیرکردنیان دادگایەکی نادادوەرانەی دژ بە لەیلا قاسم و ھاوڕێکانی بەڕێوەبرد و بڕیاری لەسێدارەدانیانی بۆ دەرکرد. ھێشتا دوو ھەفتە بەسەر دەستگیرکردنیان تێنەپەڕیبوو، کە کاتژمێر ٧ی سەرلەبەیانی ڕۆژی ١٩٧٤/٠٥/١٢ لەیلا قاسم و ھەر چوار ھاوڕێکەی لەسێدارەدران. سەلام قاسمی، برای لەیلا قاسم، بە ماوەیەک دوای لەسێدارەدانی لەیلا ھەر لە بەغدا لەلایەن بەعسییەکانەوە کوژرا. تاوانی سەلام قاسم تەنیا ئەوە بووە کە وێنەی لەیلای خوشکی ناردبوو بۆ دەستی قوتابیانی کورد و ئەندامانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات. دایک و باوکی لەیلا قاسمیش بەھۆی لەدەستدانی دوو ڕۆڵەیان، ھەر زوو بە کۆست و خەمێکی گەورەوە سەریان ناوەتەوە و کۆچی دواییان کردووە.

هێمن لەسەر قارەمانی لەیلا دەڵێ:

کە تۆ تۆرای لە چاوم وەک خەوی من
لە بسکت رەشترە مانگەشەوی من
برۆ مەجنوون بە لەیلای خۆت مەنازە
کە ناوبانگی پتر دەرکرد ئەوی من
بزەی ھاتێ، وتی جەلادی خوێری!
بە کەیفی خۆت پەتت باوێژە ئەستۆم
ئەوە پەت نیە میدالی ئیفتخارە
کە بوومە قارەمانی میڵەتی خۆم

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق