ئه‌لبومی وینه‌كان

السبت، 24 مارس 2012

راگەیەندراوێک لە ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە

بەبۆنە...ی زیاتر ئارام راگرتنی كوردستانەوە لەڕۆژانی جەژنی نەورۆزدا، ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان راگەیەنراوێك بڵاو دەكاتەوە، ئەمەش دەقەكەیەتی:

هاووڵاتیانی خۆشەویست...
سوپاس بۆ خوا بە هەوڵ و کۆششی گشت دامودەستگاکان لە ئاسایش و پۆلیس و زێرەڤانی وپێشمەرگەوە، هاووڵاتیانمان و ئەو میوانانەی لە دەرەوەی هەرێمەوە هاتبوون، رۆژانی جەژنی نەورۆزیان لە کەشێکی ئارامدا بەسەر برد.

لە کاتێکدا کە ئاپۆرەی هاووڵاتیانمان سەرقاڵی ئاهەنگ وسەیران بوون، رۆڵە ماندوونەناسەکانی ئاژانسی پاراستن بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیس و پێشمەرگە، بە وریاییەوە سەرقاڵی پاراستنی ئاسایشی هەرێم و دوورخستنەوەی مەترسییەکان بوون و جیا لە چەند رووداوێکی هاتووچۆ، هەرێمی کوردستان لە هەر مەترسی و کیشەیەکی ئەمنی بەدوور راگیرا. بەڵام لە بەرامبەر ئەم ئامادەباشی و وریاییەی هێزەکانی ئاسایش، دوژمنان بەردەوامن لە پیلانگێران، هەروەکو لە ئێوارەی رۆژی ٢٠/٣/٢٠١٢، تیرۆریستان هەوڵیاندا ئۆتۆمبێلێکی مینرێژکراو بگەیەننە ناو شاری شنگار، تاکو ئاهەنگی ئێوارەی نەورۆز بکەنە ئامانجی هێرشیان، بەڵام بە هۆی چالاکییەکی هەواڵگریی پێشوەختەی هێزەکانی ئاسایش و دەستخستنی زانیاری، ئەم پیلانەیان ئاشکرا کرا و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکانی دەڤەرەکە ئۆتۆمبێلەکە بەر لە گەیشتنی بۆ شنگار دەستی بەسەردا گیرا و پووچەڵ کرایەوە و تیرۆریستێکیش دەستگیر کرا و رادەستی لایەنە پەیوەندارەکانی دەڤەرەکە کرایەوە.
وێرای دەستخۆشی وپێزانینمان بۆ هێزەکانی ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هەرێم، لێرەدا و بە بۆنەی نەورۆز و سەرساڵی کوردیەوە، پیرۆزبایی دووبارەمان ئاراستەی گشت هاووڵاتیانی خۆشەویست دەکەین و دڵنیایان دەکەینەوە کە بە هاوکاری وپاڵپشتیی بەردەوامیان و بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی پۆلیس وپێشمەرگە، لە ئەرکی پیرۆزی پاراستنی ئاسایشی وڵاتمان بەردەوام دەبین و رێگە نادەین باری سەقامگیری هەرێم کە بنەمای هەموو پێشکەوتنە ئابووری و سیاسیەکانمانە، ببێتە ئامانجێکی ئاسانی پیلانەکانی ناحەز و تیرۆریستان.
ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
٢٤/٣/٢٠١٢

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق