ئه‌لبومی وینه‌كان

الأربعاء، 7 مارس 2012

ژیاننامه‌ی مامۆستای مقامات عه لی مه ردان


عەلی مەردان، ھونەرمەندی پایەبەرز، مامۆستای مەقامات و گۆرانی کوردی، ساڵی١٩٠٤ لە شاری کەرکووک لە گەڕەکی تەکیەی شێخ عەلی لە دایک بووە.
خوێندنی لە تەکیەی کەرکوک و لە لای ماموستا ساڵەح دەست پێکردوە و ھەر لەوێشەوە لە لای مامۆستای دەنگ خۆش مەلا ڕەووف فێری تەجویدی قورئان و ھەندێ مەقاماتی کوردی و قۆڕیاتی تورکمانی بووە.

عەلی مەردان پاش ھەشت ساڵ تەکیە، شاری کەرکوکی بەجێ ‌ھێشتووە و بە ماڵەوە چووە بۆ گوندی لەیلان. لەو گوندەدا تەموور ژەنێکی بە توانا بە ناوی خدر بارام ناسیوە کە سوودێکی زۆری لێوەرگرتوە بۆ مەقاماتی کوردی، بەڵام لە دوایدا کە دەچێت بۆ بەغدا، مەقاماتی کوردی و فارسی و عەرەبی لە مامۆستایانی تری فارس و عەرەب و کوردەو فێر دەبێت و وەک شارەزایەک لە بواری مەقاماتی ناوچەکەدا جێگای خۆی ئەبینێتەوە.

ھەر لەم بارەوە مامۆستا دەڵێت: مەقاماتی کوردی سەرچاوەیەکی کوردی دەوڵەمەندن بۆ ھونەری موزیک و گۆرانی گەلانی ناوچەکە. مامۆستا عەلی مەردان جگە لە دەنگە بەسۆز و ڕەسەنەکەی شارەزای ژەنینی چەن ئامێری موزیک بووە کە خۆی ئامێری عودی زیاتر لا پەسەند بووە. ھەورەھا شارەزای زمان و ئەدەبی کوردی، عەرەبی، فارسی و تورکمانی بووە شیعری زۆربە شاعیرەکانی لە دەیان بەستە‌و مەقامات دا خوێندۆتەوە. عەلی مەردان مەقام زان و داھێنەری کورد، پاش نیو سەدە خزمەتی بێووچان بۆ ئاواز و گۆرانی کوردی، لە ساڵی ١٩٨١ی زاینیدا کۆچی دوای کرد و لە دوا ووتەیدا داوا دەکات لە گردی سەیوان لە لای شاعیران و ھونەرمەندان بینێژن تا ھیچ کات و زەمەنێک لە ھونەر و ھونەرمەندان دوور نەبێت.

مامۆستا عەلی مەردان لە ماوەی ژیانیدا گەلێ گۆرانی و مەقامی ڕەسەنی تۆمارکردووە، ئاوازی هەندێک لە گۆرانییەکانیشی هێندە بەرزن،‌ بەچەند زمانێکی دی وتراونەتەوە.

شارەزایی و کارامەیی مامۆستا عەلی مەردان لە هونەری مەقام دا ئەوەندە ئاشکرایە کە مامۆستاکانی مەقامی عێراقی عەلی مەردان بەمامۆستا و ڕابەری خۆیان دەزانن. مامۆستا عەلی مەردان کوردێکی دڵسۆز و خاوەنی هەستێکی پاکی کوردایەتی بوو. هەتا ڕۆژی کۆچکردنیشی، کە سوێندی بخواردایە، هەر بە کوردستان سوێندی دەخوارد.

لە چاوپێکەوتنێکدا سەبارەت بە ژیانی تایبەتی خۆی دەڵێت: "بۆ گوزەرانی ژیانم، بەپای پەتی و سەری کۆتەوە، جوتیاری و شوانی و گاوانیم کردووە. لە شاری بەغداد بووم بە هاوڕێی مورتەزاخانی ئیسفەهانی و ئەسغەری هەمەدانی و محەمەد سەعیدی سابڵاغی و زۆر شت لەوانەوە فێربووم، چل شەویش لەگەڵ سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی یەکمان گرت و زۆر هونەرمەندانە پێکەوە ژیاین. مامۆستا لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "یەکەم مەقامم، مەقامی ئای ئای بوو، ئەوەی لە ساڵی ١٩٣٩ دا لە ئێستگەی کوردی بە زمانی کوردی باجەڵانی بۆم تۆمارکرا‌." مامۆستای گۆرانی مەقامی کوردی لە ساڵی ١٩٦٥ دا لە ئێستگەی ڕادیۆی تاران و کرماشاندا چەندین مەقام و گۆرانی تۆمارکردووە. دوا گۆرانی عەلی مەردان بەستەیەک بووە، ئەوەی لە ساڵی ١٩٧٢ دا لە ئێستگەی کوردی بەغدا تۆماری کردووه. مامۆستا لە تەمەنی ٧٧ ساڵیدا و لە ٢٤ ی مانگی جوڵای ساڵی ١٩٨١ کۆچی دوایی کردووە و لە شاری کەرکووک لە گۆڕستانی شێخ محێدین بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردراوە.





گۆرانییە بەناوبانگەکانی
شیرین کەلامە، گیانە بەسیەتی، یاریکە ڕاکە پێکەنە، خۆم و عودەکەم، کەتان کەتانە، مێوڵێ و دێلێژە، ئەسمەر، وەرە قوربان، ھۆ برای جوتیار، لەیلێ، ڕەنجی بێوەرم، ھەوری لە قەدی ئاڵاوە، ە دەنگی خۆش بمھێنە جۆش، کە ئەو جوانە، ئەڕۆی ئۆغر، ە دایم دڵ تۆی ئەوێ، مامە، کەی دێتەوە، لە خرنە خرنە، ھەتا مردن، ئەڵوەن ناوت شیرینە، ئای چەندم خۆش دەوێ، ھەر تۆم ئەوێ تۆ، مینا گیان، لە کەلە دەنگی ساز دێ، شەو ڕۆژ، گۆڵە باخ، دەھەستە، کراس کودەری ئاوریشم، سەد جار بەو مانگە، ھەستە با بچین بکەین تەماشا، کۆڵان بە کۆڵان، ئەم پەرچەم و ئەگریجە، ئاخ چی بکە نیمە چارە، ئەو چاو جوانە، ھۆ کاکەی شوان، وەرە قوربان، فاتمە، برای شیرینم، خاڵۆ خاڵۆ، شەو و ڕۆژ لە خایاڵ و لە بەرچاوی.

مەقامە‌ بەناوبانگەکانی
لەبەر چاوی بەد (مەقامی ماھور)
چەند جارم ووت (مەقامی ھەمایون)
با یادم کا فریادم کە (مەقامی ھیجران)
ڕەنجی بێوەرم‌ (مەقامی بەیاتی شور)
ڕاستەی خیابان (مەقامی ئەڵاوەیسی)
لێم یاخی (مەقامی ئای ئای)
لەبەر نازی چاو بازان (مەقامی خورشیدی)
ئەی مانگ (مەقامی بەیات)
چی بکەم (ماقامی نەوا)
دڵ لە حەسرەت (مەقامی ئورفە)
مەمکوژە گیانە بە ھیجران (مەقامی دەشت)
بە داوی زۆڵفت (مەقامی ڕاست)
بە بەردی فیرقەتت (مەقامی ماڵەڵا ھیجرانی)
بە غەمزەی چاوی مەخموری (مەقامی نەوا

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق